له‌كۆى 7 ملیار مرۆڤ له‌ جیهان ساڵانه‌ ملیارێك ده‌بنه‌ گه‌شتیار

هەواڵ / ئابوری :: 27/09/2019‌ :: 115‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس و سەنگین


له‌ رۆژى جیهانى گه‌شتیاریدا، ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: 10%ى داهاتى جیهان له‌ رێگه‌ى گه‌شتیارییه‌وه‌ دابین ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ وه‌گه‌ڕخستنى هه‌لى كار.


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى گه‌شتیارییه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌: له‌كۆى 7 ملیار مرۆڤ له‌جیهاندا ساڵانه‌ یه‌ك ملیارى ده‌بنه‌ گه‌شتیار، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ 10%ى داهاتى جیهان له‌ڕێگه‌ى گه‌شتیارییه‌وه‌ ده‌ستبكه‌وێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: گه‌شتوگوزارى هه‌رێم یه‌كه‌م كه‌رت بووه‌ له‌دواى نه‌مانى شه‌ڕى داعش بكه‌وێته‌ سه‌رپێ و پلانى به‌رزكردنه‌وه‌ى گه‌شتیار بۆ زیاتر له‌  3 ملیۆن كه‌س دابڕێژێت، كه‌ سه‌ره‌نجام كه‌رتى گه‌شتیار توانى پله‌ى یه‌كه‌م له‌ وه‌به‌رهێنان تۆماربكات و ئاسته‌كه‌ى بگه‌یه‌نێته‌ 38%ى كۆى وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: كه‌رتى گه‌شتوگوزار گرفتى زۆرى له‌به‌رده‌مه‌ و پێویسته‌ چاره‌سه‌ربكرێن، به‌تایبه‌ت په‌سه‌ندكردنى ره‌شنووسى یاساى په‌ره‌پێدانى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان.

رێكخراوى جیهانى گه‌شتوگوزار سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ساڵى 1979 بڕیاریدا 27ى ئه‌یلولى هه‌مووساڵێك ببێته‌ رۆژى جیهانى گه‌شتوگوزار، به‌و بۆنه‌یه‌شەوه‌ له‌ساڵى 1980 به‌دواوه‌ ساڵانه‌ ئه‌و یاده‌ ده‌كرێته‌وه‌.

 

هاوکات ئەمڕۆ لە هەولێر یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری بەهەماهەنگی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لەسەر قەڵای هەولێر بە مەراسیمێک ئەو یادەیان کردەوە.

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بەدواڕۆژی راگەیاند: بەمەبەستی بەهێزكردنی پەیوەندی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی گەشتیاری وڵاتان و رێكخراوی جیهانی گەشتوگوزار ساڵانی رابوردوو بە شێوەی جیاجیا ئەم یادە لە هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، ئەمساڵیش بەهەماهەنگی كەرتی تایبەت لە شارەكانی هەرێم بە چالاكی جۆراوجۆر ئەم یادە بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشدا: لەچەند مانگی رابوردووی ساڵی 2019 كەرتی گەشتیاری لە وەبەرهێنان پلەی یەكەمی تۆمارکردووە و ئاستی وەبەرهێنان گەیشتووەتە لەسەدا 33%ی كۆی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان.


پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure