وێنه‌؛ كوچه‌ و كۆڵانه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ بوونه‌ته‌ زبڵدانێكى گه‌وره‌

هەواڵ / کوردستان :: 26/09/2019‌ :: 213‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

به‌هۆى مانگرتنى كرێكارانى كۆمپانیاى گارێكس كه‌ تایبه‌ت به‌ خاوێنكردنه‌وه‌ى كوچه‌ و كۆڵان و بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، شاره‌زوور، سه‌یدسادق،  پێنجوێن و هه‌ورامان، ماوه‌ى سێ رۆژه‌ بڕێكى زۆر زبڵ و خاشاك كۆبووه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌ڵێت: "ته‌نیا له‌ماوه‌ى دوو رۆژدا زیاتر له‌ 60 تۆن خۆڵ و خاشاكمان فڕێداوه‌ و داوایه‌كیش ئاڕاسته‌ى هاووڵاتیان ده‌كات".


كوێستان ئه‌كره‌م، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى ئه‌وه‌ى گرێبه‌ستى نێوان كۆمپانیاى گارێكس و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانییه‌كانى سلێمانى نوێ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاكى سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یدسادق و شاره‌زوور و پێنجوێن و هه‌ورامان، كرێكاره‌كان مانیان له‌كاركردن گرتووه‌ و بووه‌ته‌ هۆى كۆبوونه‌وه‌ى بڕێكى زۆر له‌ زبڵ و خاشاك له‌ بازاڕ و كۆڵان و شوێنه‌ گشتییه‌كانى سنووره‌كه‌دا.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌ساتى ژینگه‌یى روونه‌دات و زیاتر گرفت بۆ هاووڵاتیان دروست نه‌بێت به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌نجانى خۆبه‌خش و ئه‌و كارمه‌ند و ئامێره‌ كه‌مانه‌ى كه‌ هه‌مانه‌ له‌ شاره‌وانى، هه‌ڵمه‌تێكى كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاك و زبڵى ناو بازاڕمان ده‌ستپێكردووه‌ ته‌نیا له‌ناو بازاڕدا له‌م دوو رۆژه‌دا زیاتر له‌ 60 تۆن پاشماوه‌ى دوكان و خۆڵ و خاشاكى ناو بازاڕمان فڕێداوه‌ و له‌ تواناماندا نییه‌ زبڵى ناو كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كان كۆبكه‌ینه‌وه‌.

سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ ئێستادا هه‌وڵه‌كانمان چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زووترین كات ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین كه‌ له‌ نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانییه‌كانى سلێمانى و كۆمپانیاى گارێكس دروست بووه‌ به‌هۆى نوێنه‌كردنه‌وه‌ى گرێبه‌ستى نێوانیان، بۆیه‌ تا ئه‌و كاته‌ى گرفته‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت داوا له‌هاووڵاتیان ده‌كه‌ین به‌رپرسیارێتى پاكڕاگرتنى كۆڵان و شوێنه‌ گشتییه‌كان بگرنه‌ ئه‌ستۆى خۆیان و كه‌مترین پاشماوه‌ فڕێبده‌ن.

پ: چ.ع

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure