لەساڵی نوێی خوێندندا كێشەیەك رووبەڕووی كەمئەندامان دەبێتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 285‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەگەڵ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان كێشەی وەرنەگرتنیان بۆ دروستبووە، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكیش دەڵێت: "بەپێی بڕیاری پەروەردە نابێت ئەو خوێندكارانە لەكۆمەڵگە جیابكرێنەوە".


رۆژی 21ی ئەیلولی 2019 لەهەرێمی كوردستان زەنگی خوێندن لەقوتابخانە و خوێندنگەكان لێدرا، بەڵام منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت كە زۆرجار بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیانەوە گرفتیان بۆ دروست دەبوو، ئەمساڵ وەرنەگرتنی بەشێك لەو منداڵانەش لەقوتابخانەكان بووە گرفتێكی دیكەیان.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی  بەدواڕۆژی راگەیاند: بۆ ساڵی نوێی خوێندن كێشەیەك بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت دروستبووە كە لە بنەمادا نابێت كێشە بێت، ئەویش وەرنەگرتنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتە لەهەندێك قوتابخانە كە رۆژانە دایك و باوك و خانەوادەكانیان گلەیی دەكەن.

گوڵپی روونیكردەوە: ئەم كێشەیە لەیاسادا نییە و پەیوەندی بەبڕیاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەكانیشەوە نییە، بەڵكو بڕیارێكی تاكلایەنەی هەندێك لەبەڕێوەبەری قوتابخانەكانە، لە كاتێكدا هەندێك بەڕێوەبەر و مامۆستای قوتابخانە بەپەرۆشەوە ئەركی خۆیان بەپێی یاسا جێ بەجێ دەكەن و ئاسانكاری بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكەن، لەهەمان كاتیشدا رووی رەخنە و گلەیی جددیشیان لەو بەڕێوەبەرانەیە كە بە پاساوی ناڕەوا دەست بە رووی منداڵانەوە دەنێن و لەو مافە سەرەتایی و یاساییە بێبەشیان دەكەن یان بەناڕەوا دڵی خۆیان و خانەوادەكانیان دەشكێنن.

بەپێی ماددەی نۆیەم لە یاسای 22ی ساڵی 2011، هەر كەسێكی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مافی فێربوونی هەیە، ئەویش بەمسۆگەركردنی بەدەستهێنانی دەرفەتی چونیەك بۆ وەرگرتن لە دەزگاكانی پەروەردە و فێركردن بە هەموو قۆناغەكانیەوە، لە نێوانیاندا خوێندنی باڵا، نابێت كەمئەندامی ببێتە رێگر لەبەردەم وەرگرتنی لەهەر دەزگایەكی پەروەردەیی یان فێركرنی رەسمی یان تایبەتدا.

وەك گوڵپی باسیكرد: راستە هەندێك لە قوتابخانەكان توانای پێویستیان لەبەردەست نییە و حكومەت ئەو پێداویستیانەی نەڕەخساندووە كە ئاسانكاری بۆ كەسی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكەن، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە پاساوێك بۆ بێبەشكردن و پێویستە قوتابخانە سەرجەم تواناكانی بخاتە خزمەت كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە لەهەوڵی بەردەوامن لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە تا بەڕێوەبەرەكان رازی بكەن ئەو منداڵانە بخوێنن، چونكە نابێت ئەو منداڵانە قوتابخانەی تایبەت بەخۆیان هەبێت، بەڵكو دەبێت لەگەڵ منداڵێكی ئاساییدا بخوێنن، مەگەر راپۆرتی پزیشكی بیسەلمێنێت كە ئەو منداڵە ناتوانێت بەسیستمی پەروەردەییدا بڕوات.
 
سامان حسێن، سەرپەرشتیاری گشتی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: ساڵانە ئەو كێشانەیان هەیە كە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەقوتابخانەكان وەرناگیرێن، ئەمساڵیش زیاتر لە 50 خوێندكار سەردانیان كردوون كە بەپێی جۆری كەمئەندامییان كێشەی خوێندنیان بۆ دروستبووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: زۆربەی ئەو خوێندكارانەی وەرناگیرێن لەقۆناغی بنەڕەتین، پەروەردە دەڵێت دەبێت وەربگیرێن، بەڵام مامۆستایانی قوتابخانەکان دەڵێن جێگەیان نییە یان ناتوانن، پاساوەكانیشیان تاڕادەیەك لەشوێنی خۆیدایە، چونكە قوتابخانە هەیە بەقادرمە بۆی سەردەكەون كەسێكی خاوەن پێداویستی تایبەت  چۆن هاتوچۆی تێدا بكات؟، یان ئەو خوێندكارەی كێشەی مێشكی هەیە خوێندكارەكانی دیكە گاڵتەیان پێدەكەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەكان داوایان لەقوتابخانەكان كردووە كە دەبێت ئەو كەسانەی بەبێ جیاوازی وەربگیرێن، بەڵام ئەوەش بەپێی قوتابخانە و خوێندنگەكان جیاوازی هەیە.

قادر عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گۆران لەشاری سلێمانی كە قۆناغی بنەڕەتییە بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: ئەو خوێندكارانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن و لەسنووری خۆیەتی وەریگرتووە، بەڵام ئەو كێشەیە لەهەندێك قوتابخانەی دیكە هەیە و وتی: "ئەوەش دوو حاڵەتە بۆ نمونە خوێندكارێكی پەروەردەی تایبەت دێنیتە نێو پۆلێكەوە نابێت جیابكرێتەوە، بەڵام ئەوانەی زۆر دەجوڵێن ئەوەش زۆرجار كێشە بۆ خوێندكارانی دیكە دروست دەكات، بەڵام مامۆستای پەروەردەی تایبەت نییە، بەڵام چاودێریان بۆ دانراوە ئەگەر ئەو منداڵە پێویستی بە هەر شتێك هەبوو هاوكاری بكات".
 
وتیشی: "بۆ نموونە خوێندكارانی بیركۆڵ فەرمانبەر یان توێژەرێك لەكاتی تاقیكردنەوەدا دەچووە تەنیشتی، خوێندكارەكە زانیارییەكانی پێدەدا و ئەویش بۆی دەنووسی، بەڵام منداڵ هەبوو لەنێو كورسییەكاندا خەوی لێدەكەوت، ئێمە كێشەی زۆرمان لەگەڵ ئەو خوێندكارانە نییە كە بەجەستە خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەڵام كێشەی سەرەكیمان لەگەڵ ئەوانەیە كە كێشەی عەقڵییان هەیە".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure