هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 26/09/2019‌ :: 829‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، به‌غدا


پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵانه‌ی عێراق، یه‌كێكه‌ له‌و یاسایانه‌ی هه‌موو ساڵێك زۆرترین گفتوگۆ و كێشمه‌كێشی یاسی و ململانێی توندی لایه‌نه‌كان و دانوستانی هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ندی له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌ دوای ساڵی2014ە‌وه‌، به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم، كه‌ رێژه‌ی 17% بوو كه‌مكرایه‌وه‌، ئه‌مساڵی دارایی 2019 به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ ساڵانی رابوردوو باشتر بوو.

 
دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی ئه‌مساڵی 2019ی عێراق، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی مووچه‌ی شایسته‌ی دارایی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی له‌كاتی خۆیدا ناردووه‌، هاوكات حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندی بڕگه‌كانی یاساكه‌ نه‌بووه‌، له‌ئێستادا هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی تری جگه‌ له‌ كورد، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ پرۆژه‌ یاسای حكومه‌تی فیدرالی عێراقدا.

 

فازڵ جابر په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی سادیقون-ی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند"ده‌بوو یاسایی بودجه‌ هه‌موو به‌نده‌كانی جێبه‌جێ بكرایه‌ كه‌ تائێستا به‌نده‌كانی جێبه‌جێنه‌كراوه‌، بۆیه‌ له‌ ئایینده‌ و له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020دا ئه‌و پرسه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت. بێگومان له‌ گفتوگۆكاندا كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا دێنه‌ پێشه‌وه‌، هه‌موو بارودۆخه‌كەیش‌ لای هه‌رێمه‌‌، ئه‌و پابه‌ندنه‌بووه‌ و نه‌وت و داهاته‌كه‌ی راده‌ست ناكات، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌رێم له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتیدا بێت، ئه‌وه‌ی له‌ناو په‌رله‌ماناندا ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه‌ پێوە‌ی پابه‌ندبن".

 

فازڵ جابر دەڵێت:"ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم یاسای بودجه‌ جێبه‌جێنه‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی رێژه‌ و پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی ساڵی 2020 دا داده‌به‌زێت بۆ خوار 12%ی بودجه‌ی فیدرالی، بۆیه‌ فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان و په‌رله‌مانتاران له‌به‌رامبه‌ر پابه‌ندنه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ یاسای بودجه‌ی 2019وه‌، په‌رچه‌كردارێكیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێت متمانه‌یه‌ی دوولایه‌نه‌ هه‌بێت له‌ نێوان هه‌ردوولادا".

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتی:"كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وەی لە 2019 رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ جێبه‌جێنه‌كرێت، ئه‌وا یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020 به‌ ئاسانی تێناپه‌ڕێت، چوونی به‌ڕێزان سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و وه‌زیری دارایی بۆ هه‌ولێر ئاماژه‌ بوون بۆ هه‌ستیاریی كێشه‌كه‌‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌رێم پابه‌ندبێت به‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵه‌وه"‌.

هاوكات سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ هه‌ردوو فراكسیۆنی حیكمه‌ و نه‌سر، به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانیان ئه‌نجامدا، بڕگه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر چه‌ند یاسایه‌كی گرنگ كه‌ تائێستا رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، وه‌ك یاسای نه‌وت و غاز و یاسای دادگای فیدرالی، یه‌كێك له‌ بڕگه‌ گرنگه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ باسی یاسای بودجه‌ی گشتی ساڵی 2020 و به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو.

 

جاسم به‌خاتی، په‌رله‌مانتاری ره‌وتی حیكمه‌ی عه‌مار حه‌كیم، كه‌ یه‌كێك له‌ به‌شداربوانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، به‌دواڕۆژی وت:"لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی بودجە و كورتھێنانی بودجە و گواستنەوەی پارەی تەرخانكراو لە ھەندێك (باب)ەوە بۆ ھەندێكی تر بەمەستی كەمكردنەوەی كەلێن و كوتھێنانەكان، كراوە. جەخت لەوەیشكرایەوە كە یاسای بودجەی ساڵی ئاییندەی٢٠٢٠ بە ھەمان شێوەی یاسای بودجەی ئەمساڵی ٢٠١٩ نابێت، بەو شێوەیە تێپەڕنابێت ئەگەر ھەرێم نەوت و دادھاتی فیدرالی رادەستی ناوەند نەكات".

 

جاسم به‌خاتی دەڵێت:"لەسەر پرسی بودجە و پرسە ھەستیارەكانی تریش قسە لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تردا كراوە، پەرمانتارنی سوننە و ھەندێك لە كوردەكانیش ھەمان ئەو را و بۆچوون و باوەڕەیان ھەیە كە ناكرێت ئەم بودجەیە بەو سادەیی و ساناییە و بەبێ گفتوگۆی چڕوپڕ، تێپەڕێت".

 

له‌سه‌ر هه‌مان پرسی بودجه‌ و به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، شێروان میرزا ئه‌ندام لیژنەی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌دواڕۆژی وت:"كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم به‌ده‌ستی په‌رله‌مانتارێك و دوان و فراكسیۆنێك نییه‌، لایه‌نه‌كانی تری ناو په‌رله‌مان چۆن هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ نابێت پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ تێپه‌ڕێت ئه‌گه‌ر پشكی هه‌رێم كه‌م نه‌كرێته‌وه‌، ئێمه‌یش به‌و شێوه‌یه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین یاسای بودجه‌ تێنه‌په‌ڕێت ئه‌گه‌ر پشكی هه‌رێم كه‌مبكرێته‌وه"‌.

 

شیروان میرزا دەڵێت:"له‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵی2019 دا پشكی هه‌رێم 12،67%ی بودجه‌ی عێراقە، عه‌بادی وه‌ك سزایه‌ك بۆ خه‌ڵكی كوردستان دایناوه‌، له‌سه‌ر هیچ بنه‌مایه‌ك دانه‌نراوه‌، 17%ی بودجه‌یش رێككه‌وتنی سیاسی بووه‌، به‌پێی هه‌ندێك دۆكیۆمێنتی وه‌زاره‌تی بازرگانی و فه‌رمانگه‌ی ئاماری ناوه‌ندی كه ‌له‌ به‌رده‌ستماندایه‌، به‌شی كورد له‌ بودجه‌ی عێراق 13،92% ده‌كات، ئێمه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین".

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتی:"به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم زیاتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هه‌رێم و به‌غدا، ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غدا رێككه‌ون به‌قسه‌ی په‌رله‌مانتارێك هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌، ده‌كرێت لێدوانێك بدات و قسه‌ له‌ گیرفانی خۆی ده‌ربێنێت، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێت سه‌ربگرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌ڕشه‌ی رێگریی له‌ تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ بكه‌ن، ئه‌وا ئێمه‌یش ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌وكاته‌ ده‌بێـت عێراق بودجه‌ی نه‌بێت، ده‌بێت بگه‌ینه‌ جۆرێك له‌ رێككه‌وتن، خۆئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر كه‌سێكمان شتێكمان وت ئیتر ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌ سه‌ربگرێـت".

پ: ل. م

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure