مەکتەبی سیاسی یەکێتی یاداشتێکی گەیاندووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق

هەواڵ / کوردستان :: 26/09/2019‌ :: 2802‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ وردبینیکردن لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک، کوردیش نیگەرانە لە پێکهاتەی لیژنەکە و نەبوونی نوێنەری مادەی ١٤٠ی دەستوور تێیدا.


دوای پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بەپێی بڕگەی٣٥ی یاساکە تایبەتكراوە بە کەرکوک، حکومەت پابەندکراوە بە وردبینیکردنی تۆماری دەنگدەران.

ئێستا سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ ئەوەی وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک-دا بکەن و ماوەی ٦٠ رۆژی بۆ دیاریکردوون، لیژنەکە پێکدێت لە نوێنەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و وەزارەتەکانی ناوخۆ، بازرگانی، پلاندانان و تەندروستی.

شەمسەدین مەحمود لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوک-ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەدواڕۆژی راگەیاند"پێکهاتەی لیژنەکە نیگەرانیکردووین بەو پێیەی ئەندامەکانی تەنها لە پێکهاتەی عەرەبە و دواتر بڕگە یاساییەکە بەشێکی تایبەتە بە مادەی ١٤٠ کەچی لە پێکهێنانی لیژنەکەدا نوێنەری مادەی ١٤٠ پشتگوێخراوە. بۆیە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە رێگەی سەرۆک کۆمار-ەوە یاداشتێکی ناڕەزایەتی لە بارەی پێکهێنانی لیژنەکەوە گەیاندووەتە سەرۆک وەزیران".

بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی بڕگەی ٣٥ لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک-دا سەرجەم ئەو ناوانە لادەبرێن کە ناسنامەی باری کەسێتی و فۆرمی خۆراکیان کەرکوک نەبێت، تەنیا ئەو کەسانەی جیاکردووەتەوە کە مادەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو یاسایەیش هەزاران ناوی دەنگدەری کورد لە تۆماری دەنگدەران لادەبرێن کە خەڵکی خورماتوو، کفری، چەمچەماڵ و ئاغجەلەر-ن چونکە بەشێکی زۆریان باری کەسێتی و فۆرمی خۆراکیان هاوتا نییە.

ئەندامانی لیژنە پێکهێنراوەکە پێکدێن لە (سەفا جابر نوێنەری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، عەمید مستەفا محەمەد بەڕێوەبەری فەرمانگەی باری کەسێتی کەرکوک، ریاز عەبدولئەمیر نوێنەری وەزارەتی تەندروستی، قوسەی عەبدولفەتاح نوێنەری وەزارەتی پلاندانان و ئیبتیهال هاشم بەڕێوەبەری پلاندانانی وەزارەتی بازرگانی).

پ: ل. م

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure