پارتی و یه‌كێتیی كۆده‌بنه‌وه‌و دواڕۆژ ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 26/09/2019‌ :: 455‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، نووسینگه‌ی هه‌ولێر

هه‌ردوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی نێوانیان كۆببنه‌وه‌.

وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ، پێنجه‌شه‌ممه‌، 26ی ئه‌یلول، شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی به ئاماده‌بوونی لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی هه‌ردوو حیزب بۆ تاوتوێی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق له‌كه‌ركوك و موسڵ و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كۆببنه‌وه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تی به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ گرژییه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی هه‌ردوولا و پرسی حكومه‌ت و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی گۆڕان و پارتی و یه‌كێتیی.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجامی سه‌ردانی هه‌ردوو لایه‌ن بۆ لای لایه‌نه‌كانی دیكه‌ له‌باره‌ی یه‌ك لیستیی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو ده‌خرێته‌ڕوو.

رزگار عەلی، لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ دواڕۆژ پشتڕاستكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد "كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجامده‌درێت و بۆ میدیاكان نییه‌".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure