سه‌رۆكی حکومەت و جێگرەکەی له‌ مووچه‌ و پرسی خانه‌نشینی دەكۆڵنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 26/09/2019‌ :: 19958‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

 

ئه‌ندامێكی لیژنە‌ی باڵای چاكسازی له‌ مووچه ‌و خانه‌نشینی رایده‌گه‌یه‌نێت: "به‌منزیكانه‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی لیژنە‌ی باڵای چاكسازی به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌نجامده‌درێت".

 

زیاتر له‌ مانگ و نیوێكه‌، لیژنە‌ی باڵای چاكسازی له‌ مووچه ‌و خانه‌نشینی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم پێكهێنراوه‌، بەڵام تائێستا هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌و لیژنە‌یه‌ نه‌كراوه.

 

له‌باره‌ی هۆكاری كۆنه‌بوونه‌وه‌ی لیژنە‌كه‌، ئەحمەد ئەنوەر ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەکان بە دواڕۆژی راگەیاند "به‌ تەواوی نازانم هۆكاری كۆنەبوونه‌وه‌كه‌ چییه‌، بەڵام له‌لایه‌ن سه‌رۆكی لیژنە‌كه‌وه‌ پێمانڕاگه‌یەندراوه‌ كه‌ به‌منزیكانه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كرێت و سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیش ئاماده‌ی ده‌بن".

 

ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: پڕۆژه‌ی چاكسازی له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و خانه‌نشینی پێشتر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، بەڵام تێبینی له‌سه‌ر چه‌ند مادده ‌و بڕگه‌یه‌ك هه‌یه‌، ئه‌و لیژنە‌یه‌ هه‌وڵده‌دات ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت تاوه‌كو له‌ زووترین كاتدا په‌سه‌ند بكرێت و چاكسازی ده‌ستپێبكات و پاره‌یه‌كی باش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت".

 

لیژنه‌ی باڵای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەکان بە سەرۆکایەتی وەزیری داد پێكهاتووه ‌و وەزیری دارایی و ئابوری، پلاندانان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری و نوێنەری تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆران، ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ن.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure