لە ئەمڕۆوە هاووڵاتیان دەتوانن ژمارەی تابلۆكانیان بگوازنەوە بۆ هەڵەبجە

هەواڵ / کوردستان :: 25/09/2019‌ :: 238‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ‌ئاشكرایكرد: لە ئەمڕۆوە هاووڵاتیان دەتوانن دەستبكەن بە گواستنەوەی مامەڵەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە بەمەبەستی وەرگرتنی ژمارەی نوێ بەناوی عێراق – هەڵەبجە، هاوكات لە ژمارە 10 هەزار و یەكەوە ژمارە دەدرێتە هاووڵاتیان.


عەمید حەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند: سەرجەم كاروبارەكانی تایبەت بە پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی هەڵەبجەوە كۆتاییان هاتووە و لە ئەمڕۆوە هاوڵاتیان دەتوانن مامەڵەی گواستنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان لە پارێزگای سلێمانییەوە بۆ هەڵەبجە ئەنجام بدەن، ئەوەش دوای ئەوەی داواكارییەك ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەكات بۆ گواستنەوەی تابلۆكەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

ئاماژەی بەوەشكرد: پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ناوی عێراق-هەڵەبجە لە ژمارە 10هەزار و یەكەوە دەستپێدەكات، چونكە لە ژمارە ( 1 ) تا ژمارە ( 10 ) هەزار لە زیادكردنی ئاشكرادا دەفرۆشرێن، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژی 23/10/2019 لە دووەم زیادكردنی ئاشكرادا لە هۆڵی د. مستەفا زەڵمی دەستدەكەین بە فرۆشتنی تابلۆكانی ژمارە ( 1 ) تا ژمارە ( 9 ).

بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە گوایە تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی عێراق –هەڵەبجە تەنیا لە سێ‌ پارێزگای هەرێم ڕێگە پێدراوە، بەڵكوو بەهۆی ئەوەی فەرمانی پێدانی تابلۆ بەناوی هەڵەبجەوە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە دەرچووە لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق گرفتی نییە و هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

پ: ک. س

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure