په‌روه‌رده‌ى عێراق بڕیارێكى دژ به‌خوێندن بە زمانى کوردى ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: 25/09/2019‌ :: 1516‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى فراكسیۆنێك رایده‌گه‌یه‌نێت: رێگری ده‌كه‌ن له‌ بڕیارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنى زمانى كوردى له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانى خوێندن له‌ عێراق و ده‌شڵێت: "بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، دژى ده‌ستوور و یاساى په‌رله‌مانه‌".


(ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ى ئه‌یلولى 2019) ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستا كورده‌كانى ناوچه‌ جیاوازه‌كانى عێراق یاداشتێكیان بۆ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ناردووه‌ و تێيدا رایده‌گه‌یه‌نن: "وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق بڕیاریداوه‌ له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانى خوێندن له‌ ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق رێگه‌نه‌درێت زمانى كوردى بخوێندرێت".

له‌باره‌ى یاداشتى ئه‌و مامۆستایانه‌، ڤیان سه‌برى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: یاداشته‌كه‌مان به‌ده‌ستگه‌یشتووه‌ و دیراسه‌كه‌مان كردووه‌، بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراقه‌وه‌ دژ به‌ زمانى كوردى دراوه‌.

وتیشى: "ئه‌و بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌دواداچوون ده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى".

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "بڕیاره‌كه‌ دژى ماده‌ى چوارى ده‌ستوورى عێراقه‌ كه‌ له‌ 2005ه‌وه‌ له‌ هه‌رێم و عێراقه‌وه‌ كاری پێده‌كرێت، هه‌روه‌ها دژى یاساى ژماره‌ حه‌وتى ساڵى 2014ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كه‌ به‌ ره‌سمى هه‌ردوو زمانى كوردى و عه‌ره‌بى له‌ عێراق وه‌كو دوو زمانى ره‌سمى ناساندووه‌".

پ: ئا.ح
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure