"130 هه‌زار كه‌س به‌ نایاسایى له‌ هه‌رێم خانه‌نشین كراون"

هەواڵ / ئابوری :: 25/09/2019‌ :: 3456‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

(ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ى ئه‌یلول) مووچه‌ى مانگى ئه‌یلولى ساڵى رابوردووى خانه‌نشینان دابه‌شده‌كرێت و سه‌رۆكى یه‌كێتى خانه‌نشینانیش ده‌ڵێت: "130 هه‌زار كه‌س به‌ نایاسایى له‌ هه‌رێمى كوردستان خانه‌نشین كراون".


به‌پێى خشته‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم، (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ى ئه‌یلول) مووچه‌ى خانه‌نشینانى شارستانى دابه‌شده‌كرێت.

عه‌بدوڵا فارس محه‌مه‌د، سه‌رۆكى یه‌كێتى خانه‌نشینانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و مووچه‌یه‌ى ئه‌مڕۆ دابه‌شده‌كرێت، مووچه‌ى مانگى ئه‌یلولى ساڵى رابردووه‌و تائێستا حكومه‌تى هه‌رێم 16 مووچه‌ قه‌رزدارى خانه‌نشینانى سارشتانییه‌و داواكارین هه‌رچى زووه‌ ئه‌و مووچانه‌ بدرێته‌وه‌ به‌ خانه‌نشینان.

هاوكات ئه‌مڕۆ یه‌كێتى خانه‌نشینانى كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داواى له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێم كرد، په‌له‌ بكه‌ن له‌ جێبه‌جێكردنى یاساى ژماره‌ (9)ى ساڵى (2014)ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، كه‌ به‌ جێه‌جێكردنى یاساكه‌ له‌ هه‌رێم "ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ له‌ دابه‌شكردنى مووچه‌كانیان هه‌یه‌، نامێنێت".

عه‌بدوڵا فارس، ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى یاسایى له‌ هه‌رێم خانه‌نشین كراون، ژماره‌یان 110 هه‌زار كه‌سه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم پێیانڕاگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ ژماره‌ى خانه‌شنینان گه‌یشتووه‌ته‌ 240 هه‌زار كه‌س، به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ى خانه‌نشین كراون به‌ نایاسایى ژماره‌یان 130 هه‌زار كه‌سه‌".

له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى مووچه‌كانیان، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌ى پێویست ناتوانرێت، ئه‌و 16 مووچه‌یه‌ به‌ خانه‌نشینانى شارستانى بدرێته‌وه‌، به‌ڵكو هاوشێوه‌ى فه‌رمانبه‌رانى دیكه‌، ده‌بێت چاوه‌ڕوانى باشتربوونى دۆخى دارایى هه‌رێم بكرێت، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى مووچه‌كانى رابوردوویان.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure