عێراق به‌ژماره‌

هەواڵ / عێراق :: 24/09/2019‌ :: 200‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

- دواى سه‌ردانێكى چه‌ند رۆژه‌ى بۆ وڵاتى چین، به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكى وه‌زیران گه‌یشته‌وه‌ عێراق و له‌و سه‌ردانه‌یدا 8 رێكکه‌وتن و یاداشتى لێكگه‌یشتنى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا واژۆكرد، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ بواره‌كانى دارایى و بازرگانى و ئه‌منى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و رۆشنبیرى و خوێندن و په‌یوه‌ندى ده‌ره‌كیدا بوون.

- ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، شه‌قامێكى له‌ باكوورى به‌غدای پایته‌خت كرده‌وه‌ كه‌ 13 ساڵه‌ داخراوه‌، هاوكات هه‌ر له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا كۆنكرێتى 8 شه‌قامى ترى ناوچه‌ى شه‌عبى به‌غدا هەڵگیرانه‌وه‌.

- ده‌سته‌ى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانى عێراق ئاشكرایكرد: هه‌وڵێكى به‌ قاچاخ هێنانى 20 ئۆتۆمبێلى پوچه‌ڵكردووەته‌وه‌ كه‌ مۆدێلى ئه‌و ئۆتۆمبێلانە نزمبوون و ویستوویانه‌ له‌ ده‌روازه‌ى ئومقه‌سرى باكوورى پارێزگاى به‌سره‌وه‌ بهێنرێنه‌ ناوه‌وه‌ى عێراق.

- وه‌زاره‌تى كاره‌باى عێراق ئاشكرایكرد: له‌ چه‌ند رۆژى رابوردوودا به‌رهه‌مى كاره‌با گه‌یشتووەته‌ سه‌رووى 19 هه‌زار میگاوات، ئه‌وه‌ش رێژه‌یه‌كه‌ گه‌وره‌ترین ئاستى به‌رهه‌مهێنانه له‌ مێژووى عێراقدا، هۆكارى به‌رزبوونه‌وه‌کەش بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى ئاو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

- كۆمسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى عێراق رایگه‌یاند: له‌ پارێزگاى به‌سره‌ له‌ ئه‌نجامى پشكنینى 84 سامپڵى ئاو، تا مانگى حوزه‌یرانى 2019، پشكنینى كیمیاوى رێژه‌ى شكستى 99%، هه‌روه‌ها پشكنینى ڤایرۆسى رێژه‌ى شكستى 36% بووه‌، ئه‌وه‌ش واتا رێژه‌ى كلۆر له‌ ئاودا سفره‌، هێشتا ئاوى به‌سره‌ بۆ خواردنه‌وه‌ ناشێت.

- هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى پارێزگاى زیقار له‌ قه‌زاى شه‌تره‌، كه‌سێكى ته‌مه‌ن 20 ساڵیان ده‌ستگیركرد، كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكى تردا بڕى 70 ملیۆن دینار و بڕێكى زۆرى خشڵى زێڕیان دزیبوو.

- وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق ئاشكرایكرد: زیاتر له‌ 10 ملیۆن و 500 هه‌زار قوتابى، له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زى نێر و مێ، رۆژى 30 ئه‌یلول روو له‌ قوتابخانه‌كانى وڵات ده‌كه‌ن.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure