بۆ جارى سێیه‌م له‌ هه‌ولێر ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوو به‌ نه‌خۆش ده‌درێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 235‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌نته‌رێكى ئه‌هلى چاره‌سه‌رى چاو له‌ هه‌ولێر ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچووی به‌ نه‌خۆشێك داوە، دواتر به‌هۆى تۆماركردنى سكاڵاوە سه‌نته‌ره‌كه‌ سزادراوە، هاوكات وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى سزاى ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندەى دا كه‌ هه‌فته‌ى رابوردوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى هه‌ولێر ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوویان به‌ نه‌خۆشێك دابوو.


دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ سه‌نته‌رێكى ئه‌هلی بیانى له‌ هه‌ولێر به‌ناوى (س.ئ) بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئازاری چاو، ده‌رمانى ماوه‌ بەسەرچوو به‌ نه‌خۆشێك دراوه‌، هێڤى ئه‌حمه‌د ئه‌و نه‌خۆشه‌ى ده‌رمانه‌كه‌ى پێدراوه‌، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌ردوو چاوم سه‌ردانى سه‌نته‌ره‌كه‌م كرد، له‌وێ هه‌ندێك پشكنینم بۆ كراو دواتر ده‌رمانى ئازار شکێنم بۆ نووسراو و منیش به‌كارمهێنا، به‌ڵام دواتر نه‌ك هه‌ر چاكنه‌بووم، به‌ڵكو ئازاره‌كانى زیاتربوو، بۆیه‌ كاتێك به‌ وردى سه‌یرى ده‌رمانه‌كه‌مان كرد، بینیمان ئه‌و ده‌رمانه‌ى پێمدراوه نزیكه‌ى ساڵێكه‌ ماوه‌ى به‌سه‌رچووە، بۆیه‌ سكاڵام تۆماركرد.

دواى تۆماركردنى سكاڵا، به‌شى پشكنین و به‌دواداچوونى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌دواداچوون بۆ راستى سكاڵاكه‌ ده‌كات و به‌وهۆیه‌وه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ به‌ بڕى چوار ملیۆن دینار سزادراوه‌.

دكتۆر محه‌مه‌د قادر خۆشناو، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى جددییه‌ له‌ سزادانى ئه‌و سه‌نته‌ر و نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلیانەی كه‌ ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوو به‌ نه‌خۆش ده‌ده‌ن و به‌توندترین شێوه‌ سزاده‌درێن، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و سه‌نته‌رانه‌ داخراون.

وتیشى: "كار له‌سه‌ر سكاڵاى ئه‌و هاووڵاتییه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوویان پێدراوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ تائێستا هه‌ندێك سه‌نته‌ر و نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى سزادراون و كه‌یسى هه‌ندێكى دیكه‌شیان دراوته‌وه‌ دادگا".

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، پێیوایه‌ به‌ دامه‌زراندنى ده‌زگاى ده‌رمان كه‌ ئێستا پرۆژه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌ "كێشه‌ى به‌كارهێنانى ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوو چاره‌سه‌رده‌كرێت، چونكه‌ ده‌زگاكه‌ شێوازى هاورده‌كردنى ده‌رمان رێكده‌خاته‌وه‌".
 
سزادانى ئه‌و سه‌نته‌ره‌، دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ى لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بڕیاریدا به‌ سزادانى دكتۆر و كارمه‌ندێكی نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى هه‌ولێر به‌هۆى به‌كارهێنانى ده‌رمانى به‌سه‌رچوو.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ لیژنه‌ى پشكنین و به‌دواداچوون له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دكتۆر و كارمه‌ندێك سزاى ئیدارى دراون و پۆسته‌كانیان لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕێى راپۆرتى ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌سه‌ر به‌كارهێنانى ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوو پێكهێندراوه‌ كه‌ سزاكه‌یان زۆر قورستر ده‌بێت.

رۆژى دووشه‌ممه‌ 16ى ئه‌یلول، كچێك به‌ناوى (بێریڤان شێروان) له‌ هه‌ولێر سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى رۆژهه‌ڵات ده‌كات به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنی سكچوون و رشانه‌وه‌، به‌ڵام ده‌رزى ماوه‌بەسه‌رچووى لێدراوە، لەسەر ئەو بابەتە پێشتر کرمانج محەمەد، وتەبێژی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ ده‌كه‌ین و ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ سزاده‌درێت كه‌ ده‌رزییه‌كه‌یان به‌كارهێناوه‌.

له‌ماوه‌ى نۆ مانگى ئه‌مساڵ خاوه‌نى زیاتر له‌ 100 ده‌رمانخانه‌ و سه‌نته‌رى پزیشكى به‌هۆى بوونى ده‌رمانى به‌سه‌رچوو سزادراون كه‌ به‌شێكیان به‌ بڕى یه‌ك تاوه‌كو 15 ملیۆن دینار سزادراون، به‌شێكى دیكه‌شیان بۆ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك داخراون و كه‌یسى هه‌ندێكی دیكه‌شیان ره‌وانه‌ى دادگا كراون بۆ سزادانى خاوه‌نه‌كانیان.

دكتۆر هێژا ئه‌نوه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى بازاڕ له‌ كوالێتى كۆنترۆڵى ده‌رمان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ هه‌ر سه‌نته‌ر و بنكه‌ و ده‌رمانخانه‌یه‌ك، ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوو هه‌بێت سزاى توندى خاوه‌نه‌كانیان ده‌درێت.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كۆنترۆڵى جۆرى ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم له‌ ئاگادارییه‌كدا، داوا له‌ هاووڵاتیانى هه‌رێم ده‌كات ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌ له‌ بوونى ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوو له‌ هه‌ر نه‌خۆشخانه‌ و سه‌نته‌ر و بنكه‌یه‌كى ته‌ندروستى بۆ ئه‌وه‌ى "سزاى توندیان بده‌ن".

پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ له‌ راگه‌یاندراوێكى ره‌سمیدا، دانى به‌وه‌دانابوو كه‌ "به‌شێك له‌ ده‌رمان به‌شێوه‌ى قاچاخ هاورده‌ى هه‌رێم كراون".

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure