یاسایه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمی کوردستان هه‌مواركرایه‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1021‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى فراكسیۆنێک رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هه‌وڵى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان توانراوه‌، یاساى ده‌سته‌ى پیشه‌سازى سه‌ربازى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كورد هه‌مواربكرێته‌وه‌ و نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌سته‌كه‌ هه‌بێت و به‌ یاساش به‌غدا ناچاركراوه‌، پێشمه‌رگه‌ پڕچه‌ك بكات.


ڤیان سه‌برى، سه‌رۆكى فراكسیۆن پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24ى ئه‌یلولى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بۆ یه‌كه‌مجار به‌ هه‌وڵى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق، توانیویانه‌ نوێنه‌ری كورد له‌ ده‌سته‌ى پیشه‌سازى سه‌ربازى و چاككردنه‌وه‌ى ئامێرى سه‌ربازى دابنرێت، هه‌روه‌ها  به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ ناوی وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه‌ خرایه‌ ناو‌ یاساكه‌وه‌ كه‌ پێشتر و له‌ ئاماده‌كردنی یاساكه‌دا ناوی وه‌زاره‌تەکەى تیادا‌ نه‌بووه‌.

وتیشى: "به‌پێی ماده‌كانى 2 و 9ى یاساكه‌، مافی پێشمه‌رگه‌ له‌ پڕچه‌ككردن زامن ده‌بێت وه‌ك سوپا و هێزه‌كانی سوپای عێراق و هێزه‌كانى دیكه‌ و پێشمه‌رگه‌ پشكی خۆی له‌ پیشه‌سازی و پڕچه‌ككردن و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌رده‌كه‌وێت، واته‌ بۆ یه‌كه‌مجار عێراق ناچارده‌كرێت پێشمه‌رگه‌ پڕچه‌ك بكات".

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه‌، جگه‌ له‌ پڕچه‌ككردنى پێشمه‌رگه‌، نوێنه‌رێكى هه‌رێم له‌ ده‌سته‌ى پیشه‌سازى سه‌ربازى و چاككردنه‌وه‌ى ئامێرى سه‌ربازى ده‌بێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure