وەزیری خوێندنی باڵا لەسەر کردنەوەی ماستەر و مەرجەکانی چی وت؟

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 24/09/2019‌ :: 5123‌ جار بینراوە
ئارام محەمەد قادر

دواڕۆژ، سامان قوبادی


 وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان زانیاریی نوێ لەبارەی دواین گۆڕانكارییەكانی وەزارەتەكەی دەخاتەڕوو. دكتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا دەڵێت:"رێنماییەكانی تایبەت بە ماستەر و دكتۆرا ئامادەكراون و یارمەتیدەر دەبن بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندكاران". 


دواڕۆژ: دەتەوێت چ گۆڕانکارییەک لە وەزارەتەکەتدا بکەیت؟ هێڵە گشتییەکانی پلانەکەت چییە؟ 
 ئارام محەمەد قادر: 
بێگومان خوێندنی باڵا سێکتەرێکی گرنگە و بەرپرسە لە ئامادەکردن و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکانی وڵاتەکەمان لەڕێگای رەخساندنی هەلی خوێندن و فێربوون و راهێنان بە جۆرێک دەرچوانمان ئامادەبکات کە لەڕووی زانستی و پیشەییەوە توانای پیشبڕکێ و بەدەستهێنانی هەلی کارکردنیان هەبێت و خزمەت بە پرۆسەی بنیادنان و ئاوەدانکردنەوەی وڵات بکەن. لەهەمانکاتدا بەشێکی دیکەی ئەرکەکانمان بریتییە لە ئەنجامدان و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی، بۆ ئەوەی بتوانین ئەم ئەرکانە باشتر جێبەجێ بکەین لە ماوەی دوو مانگی رابوردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان کارمان کردووە بۆ داڕشتنی پلانی چوارساڵی ئاییندەی وەزارەتەکەمان، ئێستا پلانەکەمان ئامادەیە و لە ئاییندەیەكی نزیکدا رایدەگەیەنین. هێڵە گشتییەکانی پلانەکەمان بریتییە لە پەرەپێدانی زیاتری کواڵیتی خوێندن و فێرکردن و راهێنان لە زانکۆکانمان و چەسپاندنی کەلتووری کواڵیتی لە زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندندا، هەروەها کارکردن بۆ فەراهەمکردنی دەرفەتی گونجاو و یەکسان بۆ خوێندن و کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان و خوێندنی پارالێڵ، هاوکات هەوڵدەدەین ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن باشتر ببەستینەوە بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گرنگیی زیاتر بە خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ بدەین، هەروەها کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی توانا مرۆییەکانی زانکۆکانمان لەڕووی زانستی و کارگێری و سەرکردایەتیی دامەزراوەکانی خوێندنەوە. پلانمان هەیە گرنگیی زیاتر بە توێژینەوەی زانستی بدەین وهەوڵبدەین توێژەرانی زانکۆکانمان پرسیاری توێژینەوە زانستییەکانیان ببەستنەوە بە گرفت و کێشەی سێکتەرە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و گرفتەکانی کۆمەڵگە. هەروەها کار دەکەین بۆ داڕشتنەوەی یاسا پەیوەندیدارەکان بە خوێندنی باڵا بە جۆریک لەگەڵ گۆڕانکاری و گەشەکردنەکانی ئەم سێکتەرە هاوتەریب بێت.
 
دواڕۆژ: کەی رێنمایی بۆ ماستەر و دکتۆرا دەردەکرێت؟ ئایا مەرجی پێشوەختەی زمان هەیە یان دەکەوێتە دوای پرۆسەی وەرگرتن؟
ئارام محەمەد قادر:
لەئێستادا رەشنووسی رێنمایی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لەلایەن لیژنەی باڵای خوێندنی باڵا ئامادەکراوە، ئەندامانی ئەم لیژنەیە پێکدێن لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی لە هەموو زانکۆ حکومییەکان و دەستە پەیوەندیدارەکان بە وەزارەت، رەشنووسی ئەم رێنماییە دەخرێتە کارنامەی نزیکترین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ گفتوگۆی زیاتر و بڕیاردانی کۆتایی. بەڵام دەتوانم بڵێم بە گشتی رێنماییەکان یارمەتیدەردەبن بۆ پاراستنی کواڵیتی خوێندنی باڵا و فراوانکردنی دەرفەتی وەرگرتن بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بدەن. بێگومان بۆ هەموو دەرچوانە، چ ئەوانەی لە دامەزراوەکانی حكومەت دامەزرابن یان دانەمەزرابن، هەموویان دەتوانن داواکاریی پێشکەش بکەن.
 
دواڕۆژ: بەشێک لە خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا لە دەرەوە دەخوێنن، بەڵام کێشەی دانپێدانانی بڕوانامەکانیان لە هەرێم هەیە، چۆن چارەسەری دەکەن؟
ئارام محەمەد قادر: ئەو بەڕێزانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، پێویستە رەچاوی مەرج و پێداویستییەکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان بکەن، لیژنەکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان هاوکاریی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەن کە لە دەرەوەی وڵات بڕوانامەی زانستی بەدەستدێنن لە چوارچێوەی ئەو رێنماییانەی کە لەئێستادا کاریان پێدەکرێت.
 
دواڕۆژ: ئایا تواناسازیی دەستپێدەکاتەوە؟ ژمارە دیاریکراوە؟ 
ئارام محەمەد قادر:
تواناسازیی بەرنامەیەکی گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ناردنەدەرەوەی گەنجان و دەرچوانی زانکۆکانمان بۆ ئەوەی لە باشترین زانکۆکانی دەرەوەی وڵات خوێندنی ماستەر و دکتۆرا تەواو بکەن، بێگومان بەردەوامبوونی پرۆسەی تواناسازیی گرنگە، بەڵام خۆتان دەزانن بەهۆی بارودۆخی داراییەوە ئەم بەرنامەیە لەئێستادا وەستاوە، ئومێدمان وایە بارودۆخی دارایی یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوامی بەم پرۆسەیە بدەین، لەهەمانکاتدا وەزارەتەکەمان لە هەوڵی بەردەوامدایە لەگەڵ وڵاتان و زانکۆکانی دونیا بۆ دەستەبەرکردنی زەمالەی خوێندن بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان، بە خۆشحاڵییەوە زەمالەی خوێندنی وڵاتانی کۆماری میلـلی چین و کۆماری رووسیای فیدراڵ و هەنگاریا بەردەوامی هەیە و لەم بوارەیشدا هەوڵەکانی ئێمە بەردەوام دەبێت. 

 

دواڕۆژ: دەوترێت لە چەند ساڵی داهاتوودا شتێک نامێنێت بە ناوی خوێندن بەخۆڕایی و سەرجەم زانکۆ حکومییەکان خوێندن تیایاندا بە پارە دەبێت، وایە؟
ئارام محەمەد قادر:
بێگومان ئەم تێڕوانینە دوورە لە راستییەوە، ئێمە کار دەکەین بۆ فراوانکردنی کورسییەکانی خوێندنی گشتی لە زانکۆ حکومییەکان و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دەرچوانی ئامادەیی بۆ مەبەستی وەرگرتنیان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان. لەهەمانکاتدا پرۆژەمان ئامادەیە بۆ کەمکردنەوەی نرخی خوێندنی پارالێڵ و کرێی خوێندنی زانکۆ تایبەتەکان، پلانی ئێمە بە ئاراستەی فراوانکردنی دەرفەتی خوێندنی گشتی و چەسپاندنی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە. بەشێک لە کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا بەهۆی دەستەبەرنەکردنی مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزییەوە نەیانتوانیبوو دەست بە خوێندنی ئەکادیمی بکەن، ئێمە لەسەرەتای دەستبەکاربوونمان لە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارماندا بە رێگادان بە دەستپێکردنی خوێندنی ئەکادیمی بۆ هەموو ئەو کاندیدانەی کە لە خویندنی ماستەر و دکتۆرا وەرگیراون، لەهەمانکاتی خوێندنی ئەکادیمیدا دەتوانن لە رێگای سێنتەرەکانی زمان لە زانکۆکانی کوردستان مەرجی توانستی زمان دەستەبەر بکەن، بەم رێگەیە توانیمان دەرفەتی دەستپێکردنی خوێندنی ئەکادیمی بۆ هەموو کاندیدەکان فەراهەم بکەین. شێواز و نەفەسی کارکردنی ئێمە بۆ تێکدانی ئەو کارانە نییە کە پێشتر بنیاد نراون، بەڵکو بنیادنانی زیاترە لەسەر دەستکەوتەکانی پێشوو.
 
دواڕۆژ:  ئایا كرێی خوێندن لە زانكۆكاندا كەم دەكرێتەوە؟
ئارام محەمەد قادر:
له‌ كارنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌مدا باسمان له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندن له‌سه‌رجه‌م زانكۆ ئه‌هلی و حكومییه‌كاندا كردووه‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌ خوێندكار وه‌رده‌گیرێت له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای دارایی خوێندكاردا نه‌گونجاوه‌ و زۆره‌، بۆیە بڕیاریمانداوه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندنی زانكۆ ئه‌هلییه‌كان، ئه‌مه‌ له‌ خوێندنی پارالێڵ-یشدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، ‌ئێستا سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی بابه‌ته‌كه‌ین، چه‌ند پێشنیارێكیش هه‌یه‌ بۆ چۆنیه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌كه‌ی و دیاریكردنی بڕی پاره‌ی خوێندنی ساڵانه‌، بڕیاره‌كه‌یش له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، پێویستیشه‌ سه‌رجه‌م زانكۆكان پێوه‌ی پابه‌ند بن.

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure