200 تریلیۆن دینار نادیاره‌.. زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كان تێوه‌گلاون

هەواڵ / ئابوری :: 24/09/2019‌ :: 3794‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس ئاشكرای ده‌كات: له‌ 2003وه‌ تائێستا، زیاتر لە شه‌ش هه‌زار پرۆژه‌ی وه‌همی له‌ عێراقدا هه‌یه‌ كه‌ 30%یان به‌ چاودێری لایه‌نی ئه‌مریكی بووه‌.

سایتی سۆمه‌ریه‌ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسی عێراقی وتوویه‌تی: "ژماره‌ى پرۆژه‌ وه‌همییه‌كان له‌ عێراق له‌ 2003وه‌ تا ئه‌مساڵ كه‌ 16 ساڵه‌، زیاتره‌ له‌ شه‌ش هه‌زار پرۆژه‌ كه‌ بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ نزیكه‌ی 200 تریلیۆن دینار (178 ملیار دۆلار) ته‌رخانكراوه‌".

ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌: "30%ی ئه‌و پرۆژه‌ وه‌همییانه‌ به‌ چاودێری ئه‌مریكییه‌كان بووه‌ كه‌ ئه‌فسه‌ر و بازنه‌ی جیاجیای ئه‌مریكی تێوه‌گلاون، 70%ی پرۆژه‌ وه‌همییه‌كانیش له‌ سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كان دواى رۆیشتنی ئه‌مریكییه‌كان بووه‌".
 
له‌باره‌ى جۆری پرۆژه‌ وه‌همییه‌كان كه‌ پاره‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌ و ئه‌نجامنه‌دراوه‌، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باس له‌وه‌ده‌كات: كه‌ پرۆژه‌كان له‌ چه‌ند بوارێكدان، بوارى یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و گه‌شتوگوزاری و خزمه‌تگوزاری و چه‌ند بوارێكی تر كه‌ هه‌موویان به‌ نادیاری كۆتاییان هات و ئه‌نجامیشیان به‌دینه‌كرا، هه‌رچه‌نده‌ له‌ بودجه‌ی ساڵانه‌ پاره‌كه‌ش سه‌رفكراوه‌.
 
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ی ئایا حكومه‌تی ئێستای عێراق ده‌توانێت ئه‌م دۆسیه‌یه‌ بجوڵێنێت؟، سه‌رچاوه‌كه‌ وتی: "ئه‌وه‌ دۆسیه‌یه‌كی زۆر ترسناكه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان تێوه‌گلاون".

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌: كه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ته‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵكاران بكات و پاره‌ دزراوه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌تایبه‌ت ئه‌و پرۆژه‌ وه‌همییانه‌ كه‌ پاره‌كه‌ی خوراوه‌ و له‌ واقیعیشدا هیچ دیارنییه‌.

لای خۆیه‌وه‌، عه‌لا روبه‌یعی په‌رله‌مانتاری عێراق ده‌ڵێت: "وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ 2011وه‌ خوێندنگه‌ی كۆنی رووخاندووه‌ گوایه‌ خوێندنگه‌ی نوێ دروست ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئه‌م ساته‌ یه‌ك قوتابخانه‌ی نوێی دروست نه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌چێته‌ بوارى پرۆژه‌ وه‌همییه‌كانه‌وه‌ و وه‌زاره‌تی ناوبراویش لێپرسینه‌وه‌ی له‌ هیچ لایه‌ن یان كه‌سێكی گه‌نده‌ڵ و كه‌مته‌رخه‌م نه‌كردووه‌".
 
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی: "عێراق پێویستی به‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار خوێندنگه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ ئێستا ده‌چینه‌ نێو ساڵێكی نوێی خوێندنه‌وه‌ و كه‌موكوڕیمان زۆره‌ له‌ بینای خوێندنگه‌دا كه‌ ئه‌مەش به‌ خراپ به‌سه‌ر بوارى په‌روه‌رده‌ و خوێندندا ده‌شكێته‌وه‌".

روبه‌یعی جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌: له‌ بودجه‌كانی ساڵانی رابوردوودا پاره‌یه‌كی زۆر بۆ 2000 پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی وه‌كو نه‌خۆشخانه‌ و خوێندنگه‌ و رێگەوبان و پرۆژه‌ی دیكه‌ ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام به‌ چاو نه‌مانبینی ئه‌نجام بدرێن.
 
داهاتی نیشتمانیی عێراق له‌ 2004ەوه‌ تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ تریلیۆنێك دۆلار بووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ئه‌نجامی فرۆشی نه‌وت، هه‌روه‌ها 200 ملیار دۆلاری قه‌رز و هاوكاری جیاجیا كه‌ زۆربه‌یان له‌ لایه‌ن ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌ پێیدراوه‌، به‌ڵام وڵات تائێستا به‌ده‌ست خراپیی كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و خزمه‌تگوزاری ئاو و كاره‌باوه‌ ده‌ناڵێنێت.

ئاماده‌كردنی: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure