گرێ کوێرەی بەردەم ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک ئاشکرا کرا

هەواڵ / کوردستان :: 24/09/2019‌ :: 389‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

ئەندامێکی وەفدی دانوستانکاری هەرێم بۆ بەغدا ئاشکرایکرد: پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر زۆربەی خاڵەکان گەیشتوون بە رێککەوتن تەنیا خاڵی دابەشکردنی پۆستەکان نەبێت كە بووەتە گرێ کوێرەی بەردەم رێککەوتنەکە.


شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی وەفدی دانوستانکاری هەرێم بۆ بەغدا بەدواڕۆژی راگەیاند: "لەکۆی پێنج خاڵ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک تەنیا خاڵێک ماوە پێکهاتەکانی شارەکە لە کورد و عەرەب و تورکمان لەسەری رێکبکەون و واژۆی بکەن".

روونیشیکردەوە: دابەشکردنی پۆستەکان بەڕێژەی لەسەدا 32 خاڵی گرێ کوێرەی بەردەم رێککەوتنی پێکهاتەکانە، هەرچی ئەو چوار خاڵەی دیکەیە لەسەری رێککەوتوین پەیوەندی بە دۆخی ئەمنی و سیاسی کەرکوکەوە هەیە و بەشێکە لە چارەسەری ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە.

وتیشی: "هەموو لایەک لەهەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان تاوەکو رێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

نزیکەی ساڵێکە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق (یۆنامی) سەرپەرشتی دانوستانی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک دەکات کە مەبەست لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوکە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure