هەزاران بەڵگەنامەی دەگمەن دەگەڕێندرێنەوە بۆ سلێمانی

هەواڵ / که‌لتور :: 24/09/2019‌ :: 660‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی رایدەگەیەنێت "نزیكەی پێنج هەزار لاپەڕە بەڵگەنامەی تایبەتیان بەمێژووی نوێی كوردی لەئەرشیفی نیشتمانی عێراقەوە بۆ سلێمانی گەڕاندووەتەوە كە مێژوویان بۆ سەرەتای ساڵانی 1900 تا ساڵانی پەنجاكان دەگەڕێتەوە".


د. هەردی مەهدی، بەڕێوەبەری ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی ئەمڕۆ 24ی ئەیلولی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند "ناوەندەكەیان نزیكەی پێنج هەزار لاپەڕە بەڵگەنامەی تایبەت بەمێژووی نوێی كوردی لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقەوە بۆ سلێمانی گەڕاندووەتەوە بەمەبەستی پێڕستكردن و هەڵگرتن و ئامادەكردنیان بۆ بەردەستی توێژەران".

بەوتەی ناوبراو، بەڵگەنامەكان كە بەشێوەی دیجیتاڵین، تایبەتن بە مێژووی سیاسی و كارگێڕیی شارەكانی سلێمانی، هەولێر، كەركوك، هەڵەبجە، خانەقین و شەنگال، مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 1900 تا ساڵانی پەنجاكان كە هاوكاتە لەگەڵ دامەزراندن و چەسپاندنی پایەكانی دەوڵەتی عێراق لەسەر نەخشەی ئێستا.
 
د. هەردی وتی: "ئەم بەڵگەنامانە تا ئێستا بەشێوەی كاغەزیی لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقدا لە شاری بەغدا هەڵگیراون كە مێژووی دامەزراندنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1920 و بەئەستەم ڕێگە دەدرێت بە گواستنەوەو كۆپیكردنیان لەبەر هەستیاریی دۆسییەكانیان و ڕێوشوێن و بەندوباوەكانی وەرگرتنی بەڵگەنامەكان".

بەوتەی د. هەردی، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ناوەندەكەیان توانی وێنەیەكی دیجیتاڵی دەوروبەری پێنج هەزار لەو بەڵگەنامانە لە ئەرشیفخانەكانی بەغدا و شاری نەجەفەوە بگێڕێتەوە بۆ سلێمانی و كاركردنیش بەردەوامە بۆ گێڕانەوە هەزاران لاپەڕەی دیكە لەو ئەرشیفە گرنگ و دانسقەیەی كە بەشێكی گرنگە لە یادەوەریی تۆماركراوی شارو شارۆچكەكانی كوردستان".

یاسین تەها، توێژەر و بەرپرسی هۆبەی دەستنووس لەهەمان ناوەند بۆ دواڕۆژی روونكردەوە، پاش گەشتنەوەی ئەو بەڵگەنامانە توێژەرانی ناوەندەكە لەهەوڵی پێڕستكردن و جیاكردنەوەو ئەرشیفكردنیان دەبن لەناو پرۆگرامی تایبەت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا وەك سەرچاوەیەكی دانسقە بخرێنە بەردەستی توێژەران و لێكۆڵەرانی مێژووی نوێ و هاوچەرخی كوردستان.

بەڵگەنامەكانیش بریتین لە نەخشە، ڕاپۆرتی ئیداری، یاداشت و سكاڵا و داواكاریی هاوڵاتیانی كورد، بروسكەی دەزگا فەرمییەكان، پۆستە و نامە گۆڕینەوەی نێوان دەزگاكانی عێراق و ئێران دەربارەی سنوور و كێشە سنوورییەكان و هەندێ بڕیار و ڕێوشوێنی قەزایی دەربارەی خەڵكانی داواكراو، ئەمە جگە لەچەندین بەڵگە و تۆماری دیكە كە تیشك دەخەنە سەر ئەڵقە ونەكانی مێژووی كورد لە عێراق.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure