برایان هوك: ئێران سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانى بۆ به‌هێزكردنى گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌كارده‌هێنێت

هەواڵ / جیهان :: 24/09/2019‌ :: 195‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

نوێنه‌رى تایبه‌تى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ كاروبارى ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌مریكا به‌ بڕى 50 ملیار دۆلار زیانى دارایی به‌ ئێران گه‌یاندووه‌، ده‌شڵێت: "ئێران سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانى بۆ به‌هێزكردنى گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌كارده‌هێنێت".

دووشه‌ممه‌ 24ى ئه‌یلول، برایان هوك، نوێنه‌رى تایبه‌نى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ كاروبارى ئێران له‌میانى به‌شداریكردنى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه‌ى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند: "به‌ بڕى 50 ملیار دۆلار، ئه‌مریكا سه‌رچاوه‌ى دارایی ئێرانى له‌ناوبردووه‌ و زیانى پێگه‌یاندووه‌، چونكه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌رچاوه‌ داراییانه‌، به‌ مه‌به‌ستى په‌ره‌پێدانى ده‌سته‌گه‌ریى و ناسه‌قامگیرى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌كارهێناوه‌".

وتیشى: "واژووكردنى رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ نه‌بووه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى ره‌فتاره‌ شه‌ڕانگێزه‌كان ئێران كۆتایی پێ بهێنێت، چونكه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ به‌رده‌وامى سه‌دان ملیۆن ده‌داته‌ ئه‌و گروپه‌ تیرۆريستیانه‌ى كه‌ پاڵپشتییان ده‌كات له‌ سوریا، عێراق، یه‌مه‌ن و لوبنان".

 نوێنه‌رى تایبه‌تى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ كاروبارى ئێران ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "له‌ ئێستادا به‌هۆى فشارخستنه‌ سه‌ر ئێران و كزبوون سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانى، گرووپه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران له‌وانه‌ش حیزبووڵا به‌هۆى بێپاره‌ییه‌وه‌ سكاڵا ده‌كه‌ن".

داڕشتنه‌وه‌: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure