به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵى كاره‌باى هه‌رێم: ئه‌مساڵ به‌راورد به‌زستانى رابوردوو پێدانى كاره‌با باشتر ده‌بێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 23/09/2019‌ :: 1214‌ جار بینراوە
ئومێد ئه‌حمه‌د

دواڕۆژ، سامان قوبادى 


به‌مه‌به‌ستى دانانى پلان و زیادكردنى كاره‌با بۆ وه‌رزى سه‌رماوسۆڵه‌، وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواكارییه‌كانى ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌. ئومێد ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵى كاره‌باى هه‌رێم، له‌ دیدارێكى دواڕۆژ-دا باس ده‌ڵێت"تائێستا وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه‌، باشبوونى كاره‌باش بۆ وه‌رزى سه‌رما په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌بوونى بودجه‌ى هه‌رێم و بڕى ئه‌و غازه‌ى بۆمان دابین ده‌كرێت، به‌ڵام پێدانى كاره‌با باشتر ده‌بێت به‌راورد به‌ ساڵانى رابوردوو".  


دواڕۆژ: پلانى وه‌زاره‌ت بۆ پێدانى كاره‌با له‌ وه‌رزى سه‌رمادا چۆن ده‌بێت؟
ئومێد ئه‌حمه‌د: ئه‌و پلانانه‌ى هه‌مانه‌ له‌ڕووى به‌رهه‌م و چاكسازى و پێویستییه‌كان، چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌مساڵ بودجه‌ و داهاتى هه‌رێم چۆن ده‌بێت و هه‌روه‌ها بڕى چه‌ند غاز به‌رهه‌م ده‌هێنرێت؟ ده‌بێت حكومه‌تى هه‌رێم له‌وانه‌دا به‌رچاومان رۆشن بكات، ئه‌وكات به‌رهه‌مى كاره‌با له‌گه‌ڵ ئه‌و خواسته‌ى هه‌یه‌ له‌سه‌رى، دیراسه‌ى ده‌كه‌ین، ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌كرداره‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش داواى پێویستییه‌كانمان له‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كردووه‌ تا خواستى هاووڵاتییان بۆ كاره‌با دابین بكه‌ین. 

دواڕۆژ: بۆ وه‌رزى سه‌رما بڕى كاتژمێره‌كانى پێدانى كاره‌با چه‌ند ده‌بێت؟
ئومێد ئه‌حمه‌د: بۆ ئه‌مساڵ به‌راورد به‌ زستانى رابوردوو پێدانى كاره‌با به‌ هاووڵاتییان باشتر ده‌بێت، به‌ڵام ناتوانین باس له‌ ژماره‌ى كاتژمێره‌كانى پێدانى كاره‌با بكه‌ین، تا له‌رووى غاز و ئه‌و پێداویستییانه‌ به‌رچاومان روون نه‌بێت و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌ڵاممان نه‌داته‌وه‌.

دواڕۆژ: بۆچى تا نه‌كه‌وینه‌ ناوه‌ڕاستى وه‌رزى زستان و كێشه‌كه‌ دروست نه‌بێت، حكومه‌ت  به‌ده‌م داواكانتانه‌وه‌ نایه‌ت؟
ئومێد ئه‌حمه‌د: ئێمه‌ داواكارییه‌كانمان ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌، تائێستا حكومه‌ت بودجه‌ى نییه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌یش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌ى له‌ به‌غداوه‌ بۆى ده‌نێردرێت، به‌پێى ئه‌وه‌ دۆخى كاره‌با له‌ زستاندا دیاریى ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر بودجه‌ نه‌بێت پێدانى كاره‌بایش له‌ ئاستى خواستدا نابێت.

دواڕۆژ: بۆ ئه‌وه‌ى له‌ وه‌رزى سه‌رمادا كێشه‌ى كاره‌با وه‌ك ساڵانى رابوردوو نه‌بێت، پێویستییه‌كان چین؟ 
ئومێد ئه‌حمه‌د: پێویستییه‌كان زۆرن، ده‌بێت به‌رچاومان رۆشن بێت، ئایا به‌رهه‌مى غازى سروشتى چه‌ند زیاد ده‌كات، ئه‌گه‌ر زیاد بێت كاره‌باى زیاتر به‌رهه‌مده‌هێنرێت، جگه‌له‌وه‌ ئه‌و پێداویستییانه‌ى بۆ چاكسازیى له‌ تۆڕى 132kv بۆ 33 و 11 بۆ تۆڕى دابه‌شكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌یه‌ى پێویستیه‌تى ئاراسته‌ى سه‌روو خۆمان كردووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌باره‌ى سووته‌مه‌نییه‌وه‌ بڕیارى له‌سه‌رداوه‌، ئه‌گه‌ر دابه‌شبكرێت به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا كاریگه‌ریى ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانى كاره‌با بۆ گه‌رمكردن.

دواڕۆژ: پێتانوایه‌ ئه‌گه‌ر سووته‌مه‌نیش دابه‌ش بكرێت هاووڵاتى كاره‌با بۆ گه‌رمكردن به‌كارناهێنێت؟
ئومێد ئه‌حمه‌د: به‌ڵى خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانى كاره‌با بۆ گه‌رمكردن كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌شێك له‌و كۆمپانیایانه‌ى كاره‌با بۆ پارێزگاكانى هه‌رێم به‌رهه‌مدێنن، كاره‌با به‌ ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمیش ده‌فرۆشن، كه‌واته‌ بۆچى ناتوانرێت بڕى خواستى ته‌واوى هاووڵاتییان بۆ كاره‌با دابین بكرێت؟
ئومێد ئه‌حمه‌د: ئه‌وه‌ كۆمپانیایه‌كى وه‌به‌رهێنه‌ره‌ و ئازاده‌ له‌وه‌ى كاره‌با به‌كێ ده‌فرۆشێت، وێسته‌گه‌كانمان راوه‌ستاون، غازمان نییه‌ پێى بده‌ین تا كارى پێبكات، حكومه‌تى عێراق سووته‌مه‌نیى بۆ دابین ده‌كات و كۆمپانیاكه‌یش پاره‌ى خۆى لێوه‌رده‌گرێت له‌به‌رامبه‌ردا فرۆشتنى كاره‌با به‌ ناوچه‌كانى خواروو و ناوه‌ڕاستى عێراق، ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پاره‌ و سووته‌مه‌نى بۆ دابین ناكه‌ین، بۆیه‌ كاره‌بامان بۆ به‌رهه‌مناهێنێت.

دواڕۆژ: پارێزگارى كه‌ركوك داواى له‌ كۆمپانیایه‌كى هه‌رێم كردووه‌ بۆ پێدانى كاره‌با، بۆچى هه‌رێم رازیى نه‌بووه‌؟
ئومێد ئه‌حمه‌د: ئه‌وان له‌ پێشتردا 100 مێگاوات كاره‌بایان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ پێدراوه‌، ئێمه‌یش پێمانوتوون ئه‌گه‌ر كاره‌باى زیاتریان ده‌وێت ده‌بێت سووته‌مه‌نیمان بۆ بنێرن، ئه‌و غازه‌یش بۆ ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌بایه‌، هه‌ر كاتێك كه‌ركوك یان پارێزگاكانى ترى عێراق داواى كاره‌بایان كرد پێویسته‌ له‌به‌رامبه‌ردا سووته‌مه‌نی بده‌ن به‌ هه‌رێم، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر كاره‌باى زیاتر به‌رهه‌مبهێنین بۆ هه‌رێمى دابین ده‌كه‌ین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر عێراق داواى یه‌ك مێگاوات كاره‌با بكات ده‌بێت به‌شى ئه‌وه‌ غاز دابین بكه‌ن.

پ: ل. م
ب: ک. س


 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure