"خوێندنی توركى و عه‌ره‌بى له‌ عه‌فرین كرا به‌ زۆرداریی"

هەواڵ / کوردستان :: 23/09/2019‌ :: 148‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

به‌ڕێوه‌به‌راتى په‌روه‌رده‌ى عه‌فرین له‌ رۆژئاواى كوردستان بڕیاریداوه‌ ئێدى خوێندنى زمانی كوردى له‌ هه‌موو قوتابخانه‌یه‌ك ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بێت، به‌ڵام خوێندنی توركى و عه‌ره‌بى زۆردارییه‌.


مسته‌فا شێخۆ ئه‌ندامى رێكخراوى مافى مرۆڤ له‌ عه‌فرین به‌ دواڕۆژی وت: "وه‌كو درێژه‌پێدان به‌ به‌رنامه‌ى دژایه‌تیكردنى زمانى كوردى له‌عه‌فرین، به‌ڕێوه‌به‌راتى په‌روه‌رده‌ى عه‌فرین بڕیاریداوه‌، ئیتر خوێندنى زمانى كوردى ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌ و خوێندكاران ده‌توانن بیخوێنن یان نه‌یخوینن، به‌ڵام خوێندنى عه‌ره‌بى و توركى به‌ زۆردارییه‌و پێویسته‌ بخوێندرێت".

وتیشى: "ئێستا له‌ جه‌نده‌ریس سه‌ر به‌ عه‌فرین به‌ ته‌واویى ئه‌م بڕیاره‌ كه‌وتووه‌تە بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ئیتر هه‌موو ئه‌و عه‌ره‌ب و توركمانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى عه‌فرینه‌وه‌ هاتوون، زمانى كوردى ناخوێنن، به‌ڵام نهاچارن توركى و عه‌ره‌بى بخوێنن".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی رێكخراوى مافى مرۆڤ له‌ عه‌فرین باسی له‌وه‌شكرد: بۆ دژایه‌تیكردنى زمان و كه‌لتورى كوردى، توركیا زانكۆى توركى له‌ عه‌فرین كردووه‌ته‌وه‌ و تیایدا به‌ زمانى توركى ده‌خوێندرێت و كه‌لتور و سیاسه‌تى توركیا و بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

دواى داگیركردنى عه‌فرین له‌ لایه‌ن سوپای توركیا و میلیشیا عه‌ره‌به‌كان، به‌ هه‌زاران كه‌سی شاره‌كه‌ ئاواره‌ بوون و عه‌ره‌به‌كانیش گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ عه‌فرین.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

 

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure