عەبدولمەهدی لەبارەی بارەگاکانی پارتی لەکەرکوک بڕیارێکی دەرکرد

هەواڵ / کوردستانی :: 23/09/2019‌ :: 9103‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، عیماد جەباری

ئەندامێكی وەفدی دانوستانی هەرێم لەبەغدا راگەیاند: سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دەرکردوە بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی لەکەرکوک کە ئێستا بەشێکی لەلایەن هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبییەوە داگیرکراون.


شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی وەفدی دانوستانی هەرێم لەبەغدا له‌ لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ وتی: "ئەو بڕیارە لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک دێت کە پێویستە هاوکات لەگەڵ چۆڵکردنی بارەگاکان دۆخە سەربازییەکەش ئاسایی بکرێتەوە، چونکە پارتی تەنیا بەچۆڵکردنی بارەگاکانی ناگەڕێتەوە شارەکە".

راشیگەیاند: کە لەئێستادا 20 بارەگای پارتی لەسەنتەری کەرکوک و دەورووبەری داگیرکراوەو هێشتا چۆڵنەکراوە، تەنیا بەشێکی کەمی بارەگاکان چۆڵکراون.

ئەو ئەندامەی وەفدی دانوستان کە نوێنەرایەتی پارتی دەکات ئاماژەی بەوەشکرد کە لەدوای بڕیارەکە هێشتا هیچ بارەگایەکیان چۆڵنەکراوە.

سەبارەت بەناڕەزایەتی حیزبە عەرەبییەکان بۆ چۆڵکردنی بارەگای سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی تیادایە، شاخەوان عەبدوڵا وتی: "بەلای ئێمەوە بەیاننامەکەی گردبوونەوەی عەرەبی چاوەڕوانکراو بووە، چونکە بەشێک لەسەرکردایەتی ئەو گردبوونەوەیه‌ ئەوانە بوون كه‌ تاکو 2017 لەگەڵ داعشدا بوون و چەپڵەیان بۆ دیلەکانی پێشمەرگە لێداوە لەناو حەویجەدا".

لەچەند رۆژی رابوردوویشدا نووسراوێکی نهێنی راکان جبوری بڵاوبووەوە کە ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی کردووەو داوا دەکات بەبڕیاری چۆڵکردنی بارەگای سەرکردایەتی پارتیدا بچێتەوە، چونکە لەبنەڕەتدا ئەو زەوییەی بارەگاکەی لەسەر دروستکراوە، زەوی کۆمپانیای نەوتە.

شاخەوان عەبدوڵا لەوبارەیەوە ئەوەی خستەڕوو کە هێشتا دڵنیا نین ئەو نوسراوە دروستە یاخود نا، بەڵام لەدوای بڵاوبوونەوەی تاکو ئێستا راکان جبوری بەشێوەی فەرمی رەتینەکردووەتەوە.

لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، پارتی کەرکوکی بەرەو هەولێر بەجێهێشتووەو بارەگاکانشیان لەلایەن هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبییەوە داگیرکراوە.

بارەگای سەرکردایەتی کەرکوک-گەرمیانی ئەو حیزبەش کە دەکەوێتەوە گەڕەکی شۆراو لەسەر رێگەی کەرکوک-هەولێر کراوەتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە پێشکەووتووه‌كانی هێزە عێراقییەکان کە پێشتر وەکو فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی دووەمی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بەکارهێنرابوو.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure