لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت نرخ و شێوازی گواستنه‌وه‌ی خوێندكاران رێكده‌خات

هەواڵ / کوردستان :: 24/09/2019‌ :: 618‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

لیژنه‌ی رێكخستنی هاتوچۆی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگا و خوێندنگه‌ حكومی و ئه‌هلییه‌كان كاره‌كانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و مه‌رجی سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی نوێ بۆ پاس و ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه‌ داده‌نێت.


رائیدی هاتوچۆ چالاك سه‌ڵاح، سه‌رۆكی لیژنه‌ی هاتوچۆی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: لیژنه‌كه‌ له‌ نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی (هاتوچۆ، ئاسایش، په‌روه‌رده‌، گواستنه‌وه‌ و چاودێری بازرگانی) پێكهاتووه‌ و چاودێری چۆنیه‌تی هاتوچۆكردن به‌ خوێندكاران ده‌كات تا دڵنیابێته‌وه‌ به‌ سه‌لامه‌تی خوێندكاران له‌ ماڵه‌وه‌ بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بگوازرێنه‌وه‌.

له‌باره‌ی مه‌رج و رێنماییه‌كانه‌وه‌ وتی: "پێویسته‌ ته‌نها ئۆتۆمبێلی نه‌فه‌رهه‌ڵگر (پاس و ته‌كسی) كاری گواستنه‌وه‌ی خوێندكاران بكه‌ن و ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت ته‌نها خوێندكاری نزیك له‌خۆی ده‌گوازێته‌وه‌. پێویستیشه‌ ئه‌و ته‌كسی یان پاسانه‌ به‌پێی جێگه‌ی دانیشتن خوێندكاریان تێدا بێت و به‌هیچ جۆرێك رێگه‌نادرێت نه‌فه‌ری زیاتر هه‌ڵبگرن. له‌ هه‌مان كاتدا په‌خشكردنی گۆرانی و میوزیك له‌ناو ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌دا قه‌ده‌غه‌یه‌، ته‌نها رێگه‌ به‌ په‌خشكردنی بابه‌ته‌ فێركارییه‌كان ده‌درێت". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: پێویسته‌ هه‌ر شۆفێرێك كاری گواستنه‌وه‌ی خوێندكاران ده‌كات زانیاری ته‌واو له‌باره‌ی خۆی و ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌وه‌ له‌لای لیژنه‌ی قوتابخانه‌كه‌ هه‌بێت و له‌كاتی پێویستدا بخرێته‌ به‌رده‌ستی لیژنه‌ی هاتووچۆ.

له‌باره‌ی نرخی گواستنه‌وه خوێندكار‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌ ئه‌هلی و حكومییه‌وه‌، سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ ئاشكرایكرد: ئه‌و خوێندنگا و باخچانه‌ی له‌ سنوری گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆیانن نرخی گواستنه‌وه‌یان بۆ هه‌ر مانگێك بۆ پاس ده‌بێت له‌ (15 بۆ 20) هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت و بۆ ته‌كسی له‌ (25 بۆ 30) هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت. 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و خوێندنگا و باخچانه‌یش كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆیان، به‌ڵام له‌ناو شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود دان نرخی گواستنه‌وه‌یان بۆ پاس (20 بۆ 30) هه‌زار دینار و بۆ ته‌كسی (25 بۆ 35) هه‌زار دینار ده‌بێت بۆ هه‌ر مانگێك. ئه‌و خوێندنگا و باخچانه‌یش كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆیانه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌قامی مه‌لیك مه‌حموده‌ نابێت كرێی گواستنه‌وه‌ بۆ پاس له‌ (25 بۆ 35) هه‌زار و بۆ ته‌كسی له‌ (50 بۆ 75) هه‌زار دینار زیاتر بێت.

لیژنه‌ی هاتوچۆ، یه‌كێكه‌ له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، كاری لیژنه‌كه‌ رێكخستنی هاتوچۆكردنه‌ له‌ سه‌نته‌ری شار و چاره‌سه‌ی گرفتی هاتوچۆی و پێشكه‌شكردنی كارئاسانی به‌ هاوڵاتیان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure