له‌هه‌ولێر هێرش كرایه‌سه‌ر بارەگایه‌كی دیکە

هەواڵ / کوردستان :: 23/09/2019‌ :: 24156‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

(بەیانی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌) ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کە جلی مەدەنیان لەبەر بووە هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای بەرەی تورکمانی و دوای رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پاسەوانانی بارەگاکە، چوار پاسەوانیان بریندار کردووەو هه‌ڵاتوون.


بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، ئەو چەکدارانەی کە هێرشیان کردووه‌تەسەر ئەو بارەگایە  لەناوەڕاستی شاری هەولێرە، ژمارەیان شه‌ش چەکدار بووەو یەكێكیان جلی سەربازی لەبەردا بووەو کاتێك به‌ چه‌كه‌وه‌ هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای بەرەی توركمانی، به‌ قۆنداخ لە پاسەوانەکانیان داوەو پاسه‌وانه‌كانیش كه‌ ژماره‌یان چوار كه‌س بووه‌ ویستوویانە بەرگری بکەن، سەرجەمیان بریندارکراون.

هەر بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ ئەو چەکدارانە بەرلەوەی پۆلیس بگاتە شوێنی رووداوەکە شوێنەکەیان جێهێشتووە و تا ئیستاش کەس به‌وهۆیه‌وه‌ دەستگیرنەکراوە.

لەبارەی رووداوەکەوە، بەدر محەمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەرەی تورکمانی لەشاری هەولێر بۆ دواڕۆژ وتی: "سکاڵامان تۆمارکردووەو چاوەڕوانی پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانین".

بارەگای بەرەی توركمانی لەشاری هەولێر دەكەوێتە بەرامبەر باڵەخانەی شیراتۆن و سەرشەقامی 30 مەتری، بەرامبەر وەزارەتی شارەوانی لە شەقامی قەڵاتی شاری هەولێر.

بڕوا عومەر، برای یەکێک لە بریندارەکان کە هاوکات ئەندامی بەرەی تورکمانییه‌ لەهەولێر بۆ دواڕۆژ وتی: "بارەگاکە هەمووی کامێرایە و سەیرمان کردەوە، سەرەتا دوو کەس خۆیان سەرخۆش کردووە بەلای دەرگای سەرەکی باڵەخانەکەدا تێپەڕدەبن و قسە دەکەن و دەرۆن، دواتر پێنج کەسی چەکداری باڵا به‌رز دەگەڕێنەوە بەردەم دەرگا و بەشەق و پێ لەقە لە دەرگا و پەنجەرە دەدەن و جوێن بە به‌رەی تورکمانی و پاسەوانەکان دەدەن".

وتیشی: "ئینجا بەهەر پێنج چەکدارەکە هێرش دەکەنەسەر ئەو پاسەوانانە کە یەکێکیان برای منە و  بە قۆنداغی تفەنگ و پێ لەقە لێیان دەدەن و براکەم پێنج شوێنی جەستەی بریندار بووەو ئێستا لای پزیشکی مێشكه‌".

دەشڵێت: "هیچ لەو پاسەوانانە کێشەی شەخسیان نییەو ئەوە بەرنامە بۆدرێژراوەو سکاڵامان لە پۆلیس و ئاسایش تۆمارکردووەو رێگە نادەین بابه‌ته‌كه‌ هەروا بڕوات، چونكه‌ بەڤیدیۆ و کامێرای چاودیری وێنەیان گیراوەو بە ئاسایی دەرکەوتوون، ئەگەر ئاسایش و پۆلیس بیانەوێت دەستگیریان بکەن".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌ : هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure