لە رۆژنامە بیانییەكانەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 22/09/2019‌ :: 94‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


ناشیۆناڵ ئینترێست: بە پێچەوانەی رواڵەتەوە...چۆن لە ماوەی 25 ساڵی رابوردوودا ئەمریكا لە بەرژەوەندیی ئێران-دا كاری كردووە.

ئامادەكردن و وەرگێڕانی: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا

نووسەری وتارەكە دەڵێت ویلایەتە یەكگرتووەكان بێ‌ ئەوەی بەخۆی بزانێت ئەركی لەناوبردنی هەموو دوژمنەكانی ئێرانی گرتەئەستۆ، هەر لە سەدام حسێن-ەوە هەتا تاڵیبان و داعش.

هەڵۆكانی ئیدارەی ترامپ كە زۆر بەپەرۆش بوون بۆ گۆڕینی رژێمی حوكم لە تاران-دا لەڕێی كردەوە سەربازییەكانەوە، لەڕاستیدا پاشەكشەیان كرد دوای ئەوەی كە بۆیان دەركەوت ئەم كارە زۆر زۆر دەكەوێت لەسەریان.

سەرباری ئابڵوقە توند و بەربڵاوەكانی واشنتۆن هێشتا رژێمی ئێران خۆی راگرتووە. دوژمنكارییەكەی ئەمریكا گەلی ئێرانی وا لێكرد پشتیوانی لە حكومەتەكەی خۆی بكات، ئەمە جگە لە پشتیوانی بەردەوام لەلایەن چین و روسیا-وە. سەیرەكە لەناو ئەم هەموو رووداوانەدا لەوەدایە كە لە ماوەی30 ساڵی رابوردوودا ئەمریكا لەبریی ئێران جەنگەكانی كردووە و ئەمەش بووەتە هۆی مانەوەی رژێمی ئێران.

سەدام حسێن لە ساڵی 1980دا دەستپێشخەریی كرد لە پەلاماردانی ئێران-دا چونكە لە شۆڕشە ئیسلامییەكەی ئێران دەترسا كە دەیویست جیهانی ئیسلامی یەكبخات لەژێر ئاڵای شیعەدا كە 65%ی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنێت. جەنگەكە لە ساڵی 1988دا گەیشتە بنبەست چونكە سەدام نەیتوانی بەسەر ئێران-دا سەربكەوێت ئەگەرچی بەردەوام چەك و پارەی پێشوماری پێدەگەیشت لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و حكومەتەكانی ناوچەی كەنداو-ەوە. پاشان دوای لاوازبوونی سەدام لە جەنگی كەنداودا لە ساڵی 1991 گوشاری سەر ئێران كەم بووە و دواتر لە ساڵی 2003دا ویلایەتە یەكگرتووەكان سەدامی روخاند و حیزبی بەعس-یشی لە رەگ و ریشە هەڵكێشا كە سەدام سەرۆكایەتی دەكرد.

شیعەی عیراق لەبەرئەوەی زۆرینەن و بە پشتیوانی ئێران عێراق-یان كۆنترۆڵ كرد. ئەمە و ریشەكێشكردنی بەعس و بێبەریكردنی لەوەی كە لە حكومەتی نوێی عێراقدا هیچ رۆڵێكی هەبێت، زەمینەخۆشكەر بوون بۆ ئەوەی جەنەراڵەكانی پێشووی سەدام و سوننە یاخیبووەكان داعش دروست بكەن. شارەزایانی ئەمریكا خۆیان بە دەمی خۆیان دەڵێن ئەگەر ئەمریكا عێراقی داگیرنەكردایە داعش دروست نەدەبوو. داعش هێندە رقی لە شیعەیە كە تا ئاستی كۆمەڵكوژیی تاوان و كوشتاری دژی ئەوان ئەنجامداوە.

كاتێكیش سوپای عێراق لە موسڵ تووشی شكست بوو لە ساڵی 2014دا، ئێران هەستی كرد كە هەڕەشەكە هاتووەتە بەردەرگاكەی خۆی، هەرچەندە كۆمەڵێك میلیشیای سەر بە ئێران رەوانەی ناوچەكە كران بەڵام نەیانتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنن. زیادبوونی هەڕەشەكانی داعش كارێكی كرد جارێكی تر واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی یارمەتی ئێران بدەن و لە ساڵی 2017دا لەناوی ببەن. ئەمەیش بووە مایەی خۆشحاڵییەكی زۆری ئێران و بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەكانیان.

كەسایەتییەكی دیكە كە ئێران بە هەڕەشەی دەزانی بۆسەر خۆی، موعەمەر قەزافی بوو، كە لەسەرێكەوە هۆكاری دیارنەمانی ئیمام موسای سەدر-ە و لەسەرێكیشەوە دەیویست ببێتە سەركردەی جیهانی عەرەبیی وەك سوننیەكی عەلمانی. بەڵام ئەمیش لەلایەن پەیمانی ناتۆ و بە سەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2011دا لەناوبرا. شتێكی شاردراوە نییە كە لە شەڕەكەی ساڵی 2011دا چەكدارانی حیزبوڵـڵای لوبنان شانبەشانی یاخیبووەكانی لیبیا دژی قەزافی شەڕیان كردووە.

وێستگەیەكی تر لەم گەشتە سەرسوڕهێنەدا هەڵكشانی توانای بزووتنەوەی تاڵیبانی سوننیە لە كۆتایی نەوەدەكاندا كە ئەمیش هەڕەشەیەك بوو بۆ سەر رژێمە شیعەكەی تاران. تاڵیبان هێندە ناحەزی ئێران بوو كە لە ساڵی 1998دا یازدە دیپلۆماتكاری ئێرانی لە شارۆچكەی مەزار شەریف لە باكووری ئەفغانستان-دا كوشت. ئێران پێویستی بە تۆڵەسەندنەوە نەبوو چونكە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی واشنتۆن حكومەتی تاڵیبان-ی رووخاند.

شەڕی ئەمریكا لە ئەفغانستان بووەتە هۆی كوژرانی زیاتر لە 7 هەزار سەربازی ئەمریكی و برینداربوونی زیاتر لە 53 هەزار سەربازی دیكە و خەرجكردنی نزیكەی 6 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2001ەوە تائێستا.


پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure