جەنگە ئابوورییەكەی سعودییە دژی توركیا چ جۆرێكە؟

هەواڵ / جیهان :: 23/09/2019‌ :: 182‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

رۆژنامە به‌ناوبانگەكانی سعودییە ماوەیەكە دەنگوباسی ئەوە بڵاودەكەنەوە كە گوایە توركیا لەڕووی گەشتیاریی و سەرمایەگوزاریكردنەوە وڵاتێكی ئەمین نییە بۆ هاووڵاتیانی سعودی و بەردەوام باسی كەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی گەشتیارانی سعودی دەكەن بۆ توركیا و ده‌یانه‌وێت بەهەموو شێوەیەك ئەو بیروباوەڕە بچەسپێنن كە گەشتیاران و بازرگانانی سعودیی لە توركیادا دەبنە ئامانجی دەستدرێژی و دزینی كەلوپەلەكانیان.

 
توركیا لە مەبەستی حكومەتی ریاز تێدەگات و بەردەوام لە رۆژنامە و دەزگا میدیاییەكانیدا ئەوە بڵاودەكاتەوە كە هەندێك رۆژنامەی سعودی دەیانەوێت درۆ و دەلەسە بڵاوبكەنەوە بەمەبەستی تێكدانی پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان گەلی توركیا و گەلی سعودییەدا. توركیا بە بڵاوكردنەوەی ئامارەكانیش دەیەوێت بیسەلمێنێت كە ژمارەی گەشتیارانی وڵاتانی كەنداو بۆ توركیا نەك هەر كەمی نەكردووە بەڵكو لە هەڵكشاندایە. دیارە ئەم زیادبوونە گەشتیارانی سعودیەیش دەگرێتەوە.

راپۆرتە میدیاییەكان دەڵێن ئەم هەڵمەتەى سعودیە دژی توركیا چەند كەسێكی بنەماڵەی حكومداری سعودیە و كەسایەتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەی لەپشتە و سعودیە لە مانگی مایسی رابوردووەوە دەستیكردووە بەجێبەجێكردنی نەخشەیەكی ستراتیجی بۆ رووخاندنی توركیا. لەم پێناوەیشدا هەموو رێگا و كەرەستە و سیاسەتێكی گونجاو بەكاردەهێنێت بۆ گوشار خستنە سەر حكومەتی ئەردۆغان و لاوازكردنی و سەرقاڵكردنی بە مەسەلە ناوخۆییەكانەوە، بەو هیوایەی كە دواجار ئۆپۆزیسیۆن بیڕووخێنێت. یان هەمیشە لە قەیراندا بمێنێتەوە و تووشی هەڵە و هەڵخلیسكان بێت. بە ئامانجگرتنی ئابووری توركیا دەستپێكی ئەو نەخشەیەیە و گوشارەكە بۆ ئەوەیە وردەوردە هیچ وەبەرهێنانێكی سعودی لە توركیادا نەمێنێت و شانبەشانی ئەوە ژمارەی گەشتیارانی سعودیە بەردەوام كەم بكرێتەوە و لەگەڵیدا سعودیە كەمتر لە جاران كاڵای توركی هاوردە بكات و لە هەموویشی گرنگتر كەمكردنەوەی دەسەڵاتی توركیایە لە كاروباری ناوچەكەدا.

لە چوارچێوەی ئەم نەخشە ستراتیجیە و لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ژمارەی گەشتیارانی سعودیە بۆ توركیا بە رێژەی 15% كەمی كردووە. لەلایەكی تریشەوە كاربەدەستانی سعودی رێگرییان لە سەدان ترێلەی توركی كردووە كە كاڵای بازرگانییان هەڵگرتبوو و دەیانویست بچنە سعودیەوە.

كۆمەڵناسان و سەرچاوە بازرگانییە ئابوورییەكان لەو باوەڕەدان هێزە نەرمە كەلتوورییەكەی توركیا و كاڵا و بەرهەمە بازرگانییەكانیان هێندە بەهێز و سەرنجڕاكێشن كە هاووڵاتیانی سعودی ناتوانن دەستبەرداریان ببن، هەر لە مەسەلەی گەشتیارییەوە تا جلوبەرگ و خواردن و تەنانەت ئەقڵە تەلەفزیۆنییەكانی توركیایش. بۆیە ترساندنی گەشتیارانی سعودی بەوەی كە توركیا وڵاتێكی ئەمین و گونجاو نییە،  ناتوانێت ئامانجەكەی خۆی بپێكێت. ئێستا سعودیە قۆناغێكی دیكەی دەستپێكردووە كە ترساندنی وەبەرهێنەرانی سعودیە لەوەی سەرمایەگوزاریی بكەن لە توركیادا. لەم رووەوە ژووری بازرگانی سعودیە هۆشداریی دەدات بە بزنسمانەكانی وڵاتی خۆی كە هیچ چالاكییەكی بازرگانی لە توركیادا نەكەن چونكە تووشی زیانی دارایی گەورە دەبن.

شەڕی ساردی نێوان سعودیە و توركیا ئێستا لە چەند ناوچەیەكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا شێوازێكی تری وەرگرتووە و بووەتە جەنگی لەجیاتی، بۆ نموونە لە لیبیا و سودان و چەند ناوچەیەكی دیكە. رەگ و ریشەی ئەم ناكۆكییەیش لەنێوان ئەنقەرە و ریاز-دا دەگەڕێتەوە بۆ پێش مەسەلەكەی خاشقچی. قەیرانەكەی قەتەر ئەو خاڵی وەرچەرخانە بوو كە پەیوەندییەكانی بەرەو جەنگی سارد برد. بەڵام بەپێی بۆچوونی چاودێرە سیاسیەكان ئەم ململانێیەی نێوان ریاز و ئەنقەرە هەردوولا لاواز دەكات لە بەدیهێنانی ئامانجە ناوچەیەكانیاندا.

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure