لێدوانى وه‌زاره‌تى دارایى له‌بارەی ئاماده‌كردنى بودجه‌ى 2020ی هه‌رێم

هەواڵ / ئابوری :: 22/09/2019‌ :: 18554‌ جار بینراوە

تاگ :: بودجه‌

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

له‌ ساڵى 2014ه‌وه‌، حكومه‌تى هه‌رێم به‌ بیانووى "شه‌ڕى داعش و ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و قه‌یرانى دارایى" پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى هه‌رێمى نه‌بووه‌ و ساڵانه‌ به‌یاننامه‌ى دارایى بۆ په‌رله‌مان ناردووه‌، وتەبێژی وەزارەتی داراییش دەڵێت: "له‌ ساڵى داهاتوودا هه‌رێم بودجه‌ی گشتى ده‌بێت".


ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 22ى ئه‌یلولی 2019) به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: لیژنه‌ى ئاماده‌كارى بودجه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى بودجه‌ له‌ وه‌زاره‌تى دارایى كارده‌كات بۆئه‌وه‌ى له‌ ساڵى داهاتوو، هه‌رێم بودجه‌ى گشى هه‌بێت".

وتیشى: "هه‌رێم له‌ ساڵى 2020 بودجه‌ى گشتى تایبه‌ت به‌ خۆى ده‌بێت ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكى وه‌زاره‌تى داراییه‌ بۆ خزمه‌تكردنى هه‌رێم".

ئه‌و به‌یاننامه‌ داراییانه‌ى كه‌ ساڵانه‌ وه‌زاره‌تى دارایى بۆ په‌رله‌مانى ناردووه‌، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ "گومان"ى له‌سه‌ر بووه‌، به‌وپێیه‌ى سه‌رجه‌م خه‌رجى و داهاته‌كانى هه‌رێمى تێدا نه‌بووه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت له‌ ساڵى داهاتوو هه‌رێم بودجه‌ی گشتى هه‌بێت و سه‌رجه‌م داهات و خه‌رجییه‌كانى تێدابێت.

بودجه‌ى گشتى هه‌رێم له‌سه‌ر داهاتى ناوخۆ و فرۆشتنى نه‌وت و بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ مانگانه‌ حكومه‌تى عێراق بۆ هه‌رێمى ده‌نێرێت، ده‌خه‌مڵێندرێت.

پ: ن.ر




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە