لیژنه‌یه‌كى په‌رله‌مانى عێراق له‌ نه‌وتى هه‌رێم ده‌كۆڵێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 157‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

لیژنه‌ى نه‌وت و گازى پەرلەمانى عێراق بانگهێشتنامه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى ره‌تكرده‌وه‌ و لیژنه‌یه‌كیشى بۆ ئاماده‌كردنى راپۆرتێك له‌باره‌ى شێواز و بڕى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم پێكهێنا.


له‌ كۆبوونه‌وه‌ى 11ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم بڕیاریدا بانگهێشتى لیژنەکانی (دارایی، نەوت و گاز و یاسایی) لە پەرلەمانى عێراق بكرێت بۆ هەرێمی کوردستان به‌ مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێم لە قۆناغی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.

بەڵام دوێنێ شه‌ممه‌ 21ى ئه‌یلول لیژنه‌ى نه‌وت و گازى پەرلەمانى عێراق بانگهێشتكردنه‌كه‌ى هه‌رێمى ره‌تكرده‌وه‌، هاوكات لیژنەیەكیش بۆ بەدواداچوونی راستییەكان دەربارەی هەناردەی نەوتی هەرێم پێكده‌هێنێت و لە ماوەی دوو هەفتەدا بە راپۆرتیك ئاراستەی لیژنەی نەوت و وزەى پەرلەمانی ده‌كەن.

جنان جه‌بار، ئه‌ندامى لیژنه‌ى وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لیژنه‌یه‌كى وزه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى به‌غدا كۆده‌بێته‌وه‌ و تاوتوێى هه‌ماهه‌نگى ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر پرسى نه‌وت و بودجه‌ و مووچه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى عێراق و كوتله‌كان بگه‌ینە ئه‌نجامێكى دڵخۆشكه‌ر، بۆیه‌ پێمانباشه‌ به‌ر له‌ هاتنى لیژنه‌ى به‌غدا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ته‌نسیق بكه‌ن، چونكه‌ به‌بێ هاوكارى حكومه‌ت و په‌رله‌مان، ئه‌و لیژنه‌یه‌ى پێكهێندراوه‌ ئه‌نجامێكى باشى نابێت.

وتیشى: "له‌سه‌ر پێكهێنانى لیژنه‌ى به‌غدا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ نه‌وتى هه‌رێم و پرسه‌كانى دیكه‌، لیژنه‌ى وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ و تاوتوێى سه‌ردانى داهاتووى لیژنه‌كه‌ بۆ به‌غدا ده‌كرێت".

ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و بانگهێشتكردنه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌، سێشه‌ممه‌ى رابوردوو وه‌زیرى دارایى عێراق سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كرد و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى باڵاى هه‌رێم له‌باره‌ى ره‌شنووسى بودجه‌ى 2020ى عێراق كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ "هیچ ئه‌نجامێكى رەسمى و راگەیەنراوى نه‌بووه‌".

پ: ن. ر
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure