ئایا مه‌حاڵه‌ ئه‌مریكا په‌لامارى ئێران بدات؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/09/2019‌ :: 3453‌ جار بینراوە

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕى بوویا
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: د. شێركۆ عه‌بدوڵا


پێشه‌كى ده‌بێت بڵێین پێوه‌ره‌ جیهانى و  نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى ئه‌مڕۆ به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
1. سه‌رده‌مى یه‌ك جه‌مسه‌رى جیهانى كۆتایى هاتووه‌، واته‌ ته‌نیا هه‌ر یه‌ك ده‌وڵه‌ت تاكه‌ زلهێزى نه‌زمى ئێستاى جیهانه‌. دابه‌شبوونى سامان و ته‌كنه‌لۆجیا و ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌جۆرێكه‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت جیهان فره‌ جه‌مسه‌رییه‌.

2. تا چه‌ند ساڵێك پاش هه‌ره‌سهێنانى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا تاكه‌ زلهێزى جیهان بوو، ئێستا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌رچووه‌. 

3. ئه‌و فره‌ جه‌مسه‌رییه‌ى كه‌ جیهان بۆى ده‌چێت مه‌رج نییه‌ جه‌مسه‌ره‌كانى نه‌گۆڕ و به‌رده‌وام بن، ئایدۆلۆجى نین له‌ ڕووى سروشته‌وه‌ دژى یه‌كترى نین، زوو زوو پێناسه‌ و پێكهاته‌یان ده‌گۆڕێت و به‌ درێژایى سه‌ده‌ى 21 جه‌مسه‌ره‌كان ناو به‌ناو كه‌م ده‌كه‌ن و ناو به‌ ناویش زیاد ده‌كه‌ن.

4. چین و ڕووسیا و هیندستان و یه‌كێتى ئه‌وروپا ناوه‌نده‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌و  جه‌مسه‌رانه‌ى دیكه‌ ده‌بن كه‌ له‌ ئاینده‌دا دێنه‌ ئاراوه‌.

5. وڵاته‌ به‌هێزه‌كانى دیكه‌ یان په‌یوه‌ندى ده‌كه‌ن به‌م جه‌مسه‌رانه‌وه‌ یان جه‌مسه‌رێكى دیكه‌ بۆ خۆیان دروست ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ یابان، بریتانیا، كۆریاى باكور، ئه‌ڵمانیا، فڕه‌نسا، كه‌نه‌دا، ئوستورالیا، به‌ڕازیل.

6. یه‌كێتى ئه‌وروپا ده‌توانێت ببێته‌ جه‌مسه‌رێكى ئه‌وروپایی به‌ مه‌رجێك هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌. ئێستا ئه‌و یه‌كێتییه‌ كێشه‌ى گه‌وره‌ى هاتووه‌ته‌ڕێ، چونكه‌ له‌ سه‌رێكه‌وه‌ بریتانیاى تیادا نه‌ماوه‌و له‌ سه‌رێكى دیكه‌شه‌وه‌ ناته‌بایی و دووبه‌ره‌كى له‌ ناویدا زۆره‌.

7. وڵاته‌كانى دیكه‌ یان ده‌بێت بچنه‌ ژێر سایه‌ی یه‌كێك له‌م جه‌مسه‌رانه‌وه‌ یان رووبه‌ڕووى گۆشه‌گیرى ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ چیتر مۆده‌ى رێكخراوى وڵاتانى بێلایه‌ن نه‌ماوه‌.

- له‌ روانگه‌ى ئه‌م راستییانه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین به‌ پێچه‌وانه‌ى سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌وه‌ كه‌ دوو جه‌نگى جیهانى گه‌وره‌ى به‌خۆوه‌ بینى، له‌ سه‌ده‌ى بیست و یه‌كه‌مدا دامه‌زراندنى جیهانێكى نوێ له‌ رێگه‌ی نه‌شته‌رگه‌رى جه‌نگه‌وه‌ روونادات، له‌ سه‌ده‌ى بیسته‌مدا جه‌نگه‌كان ناوچه‌ى كیشوه‌رى بوون، ئه‌گه‌رچى مێژوونوسه‌كان ناویان لێ نان جه‌نگى جیهانى، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌وه‌ جه‌نگى سه‌ده‌ى بیست و یه‌كه‌مه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كانى هه‌موو جیهان ده‌گرێته‌وه‌. كه‌واته‌ ده‌ستپێكردنى جه‌نگ له‌م سه‌ده‌یه‌دا وه‌ك سه‌ده‌ى رابوردوو ئاسان نییه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا ئاره‌زوومه‌ند نییه‌ په‌لامارى ئێران بدات. هه‌ڵوێسته‌كانى پێشووترى واشنتۆن له‌ عێراق و ئه‌فغانستان و كۆریاى باكور و ڤه‌نزوێلا و قبوڵكردنى شكستهێنانى سعودیه‌ له‌ یه‌مه‌ن و ره‌فتارى رابوردووى له‌ سوریادا، هه‌موویان به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ن كه‌ ترامپ و ئیداره‌كه‌ى نایانه‌وێت بگلێنه‌ جه‌نگه‌وه‌ كه‌ سروشتى به‌و جۆره‌ بێت كه‌ باسمان كرد.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى واشنتۆن به‌ هیچ جۆرێك هاوشێوه‌ى هه‌ڵوێستى پێشووترى نییه‌ به‌رامبه‌ر سه‌دام و معه‌مه‌ر قه‌زافى. ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ هێزى سه‌ربازى ئه‌مریكا چه‌ند هێنده‌ى جاران نییه‌، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ كاریگه‌رى هێزى سه‌ربازى ئێستا وه‌ك جاران نه‌ماوه‌، جه‌نگه‌كانى پێشووترى ئه‌مریكا به‌جۆرێك بوون كه‌ بۆ نموونه‌ كۆریا و ڤێتنام یان لوبنان و سۆماڵ یان وڵاتانى دیكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ستراتیجى بۆ سه‌ر ئه‌مریكا دروست بكه‌ن، تێكڕاى ئه‌م جه‌نگانه‌ به‌ جه‌نگى داگیركردنى عێراقیشه‌وه‌ سنووردار بووه‌. به‌ خاڵى ئه‌و وڵاته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا بارودۆخه‌كه‌ جۆرێكى تره‌.

ئه‌گه‌ر واشنتۆن جه‌نگ دژى ئێران ده‌ست پێ بكات، ئه‌وا ئێران ده‌توانێت زه‌برى كاریگه‌ر بوه‌شێنێت له‌ ناوچه‌ى كه‌نداو و سعودیه‌ و كوه‌یت و ئیمارات و به‌حره‌ین و سوڵتان نشینى عوممان، یه‌مه‌ن و ئه‌فغانسان و پاكستان و عێراق و سوریا و توركیا و ئوردون و لوبنان و غه‌ززه‌و ئیسرائیل و دراوسێكانى ترى ئێران وه‌ك ئازه‌رباینجان و ئه‌رمه‌نستان و توركمه‌نستان و ناوچه‌كانى دیكه‌.

نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌، به‌ڵكو بازاڕى نه‌وت و سوته‌مه‌نیش به‌ ته‌واوى تێكده‌چێت، نرخى سوته‌مه‌نى به‌رزده‌بێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌كه‌ درێژه‌ بكێشێت، ئه‌وا یه‌ده‌گى كۆكراوه‌ى نه‌وت له‌ وڵاته‌ گه‌وره‌كاندا نامێنێت و ئاژاوه‌یه‌كى ئابوورى جیهانى رووده‌دات، سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش هه‌موو ناوچه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست تێك و پێك ده‌چێت و گیرۆده‌ى شه‌ڕێكى بێ ئامان ده‌بێت و ملیۆنه‌ها كۆچبه‌ر و ئاواره‌ رووده‌كه‌نه‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure