هۆكاری هاوتا نەبوونی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ عێراق ئاشكرا دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/09/2019‌ :: 2722‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی زیندانییانی سیاسی كوردستان ئاشكرای دەكات: "هۆكاری هاوتانەبوونی مووچەی زیندانیانی سیاسی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى وەك عێراقی لێ بێت، سێ خاڵە و یەكێكیان ئەوەیە عێراق ئەو دۆسیەیەی تێكەڵی دۆسیەكانی دیكەی نێوان هەرێم و بەغدا كردووە".


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 21ی ئەیلولی 2019 كۆبوونەوەی زیندانیانی سیاسی لە هۆڵی ئازادی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێكردنی ئەو كێشە و گرفتانه‌ی بۆ ماف و ئیمتیازاتەكانیان دروستبووە، هه‌روه‌ها و چۆنیەتی چارەسەركردنیان.

عوسمان زیندانی، زیندانی سیاسی و رێكخەری كۆبوونەوەكە، بەدواڕۆژی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا باسی كێشەی زیندانییە سیاسییەكانمان كرد، دەمانەوێت ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی كوردستان و عێراق هاوتا بكرێن، چونكە زیندانیانی سیاسی تا وەجبەی هەشت مینحەیان هەیە، بەڵام ساڵی داهاتوو بەنیازن بیبڕن، لەوەجبەی (8 تا 13)یش مینحەیان وەرنەگرتووە كە لە 10هەزار كەس زیاترن".

سەبارەت بەوەی بڕیاربوو مووچەی خانەنشینی زیندانیانی سیاسی كوردستان وەك عێراقی لێبكرێت و مانگانە بكرێتە ملیۆنێك و 200 هەزار دینار، عوسمان زیندانی سێ هۆكار بۆ ئه‌و هاوتانه‌بووه‌ روونده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم نووسراوی بۆ ئەو مەبەستە رەوانەی عێراق كردووە، بەڵام تائێستا حكومەتی عێراقی رەزامەندیی دەرنەبڕیوە، لەلایەكی دیكەوە كاتێك حكومەتی هەرێم ئەو نووسراوەی كردووە بودجەی عێراق لەتەواوبووندا بووە، خاڵێكی تریش عێراق ئەو دۆسیەیەی تێكەڵی دۆسیەكانی دیكەی هەرێم كردووە".

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure