ئایا مەترسی سەرهەڵدانی پەتایەكی جیهانگیر لەئارادایە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/09/2019‌ :: 235‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

لەوەتەی مرۆڤ دروست بووە هەمیشە لە جەنگدا بووە لەگەڵ میكرۆبدا، جار بەجاریش میكرۆبەكان براوە بوون. 

لە ساڵی 1918دا پەتای ئەنفلۆنزا لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و چەند ناوچەیەكی دیكەدا سەریهەڵدا و 20 ملیۆن كەسی كوشت. ئەو كاتە ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتە یەكگرتووەكان 100 ملیۆن كەس بوو. نموونەیەكی تر پەتای تاعونە لە ئەوروپا لە سەدەكانی ناوەڕاستدا كە 25%ی دانیشتووانی ئەو كیشوەرەی كوشت.

لەسەردەمی ئێستاشماندا چەندین نەخۆشی مەترسیداری دیكە سەریان هەڵداوە، لەوانە نەخۆشی ئیبۆلا. نەخۆشییە كۆنەكانی دیكەی وەك كۆلێراش تا دێت زیاتر و زیاتر بەرهەڵستی دەرمانە دژە بەكتریاكان دەكات. دەشزانین چ كارەساتێك دەقەومێت ئەگەر نەخۆشییە كۆنەكانی وەك ئەنساكس سەرهەڵبدەنەوە. بەڵام لە هەموو ئەگەرێك ترسناكتر ئەوەیە كە بەكتریایەكی سادە، بۆ نموونە بەكتریای سترافیلۆكۆكەس كە ئێستا دەرمان بۆ چارەسەركردنی هەیە گەشە بكات و گۆڕانی بەسەردا دێت چونكە ئەم جۆرە بەكتریایە رەنگە لە خانە ماسولكەییەكانی جەستەمان نزیك ببنەوە و جینەكانی ئەو خانەیە وەربگرن بۆ خۆیان. ئەمە رەنگە وابكات بەكتریاكە ببێتە بونەوەرێكی زۆر كوشندە و زۆر بەخێرایش پەتا بڵاو بكاتەوە. بەر لەوەی كە كۆمەڵگەكان بتوانن رێگرییەك بكەن. ئەم كارەساتە دوانزە هەزار ساڵ لەمەوپێش روویداوە. كارەساتێكی لەو جۆرە بووەتە هۆی لەناوچوونی بەكۆمەڵی رێژەیەكی زۆری ئاژەڵە شیردەرەكان لە ئەمریكای باكوور و باشووردا.

كەواتە چارەسەر چییە؟ 
یەكەم هەنگاو پێویستە بەكارهێنانی دژەبەكتریا لە كێڵگەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسیدا قەدەغە بكەین.

رۆژانە هەموو ئاژەڵێك و هەموو پەلەوەرێك و هەموو ماسییەكی پەروەردەكراو دژە بەكتریایان پێدەدرێت.

ئەم رەفتارە ئەوەندە هەڵەیە وەك ئەوە وایە لە حاڵەتی جەنگدا بیت و پاسۆردی جبەخانەكەت بدەیت بە دوژمنەكەت. ئێمە بە پێدانی دژەبەكتریا بەكتریاكان فێر دەكەین چۆن بێنەوە بەگژماندا، لەبەرئەوە بە هەر نرخێك بووە پێویستە واز لەم كردەوەیە بهێنین.

هەنگاوی دووەم سیستمی تەندروستی گشتی چاكتر و كاریگەرتر بكەین. ئەگەر سەرنج لە بودجەی تەرخانكراو بۆ سیستمی تەندروستی و بەتایبەت بۆ تەندروستی گشتی بدەیت لە وڵاتە جیاجیاكانی جیهاندا دەبینیت ئەو بودجانە هیچیان لە ئاستی پێویست و مەترسییەكاندا نین. بەلای زاناكانەوە مەترسی سەرهەڵدانی پەتایەكی گشتگیر كە هەڕەشە لە چارەنووسی كۆمەڵایەتی بكات سێیەمین مەترسی گەورەیە لە كۆی 10 مەترسی هەرە گەورە لەسەر چارەنووسی مرۆڤایەتی.

پ: چ.ع

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure