رۆژانه‌ زیاتر له‌ 150 په‌یوه‌ندیی به‌ هێڵی گه‌رمی 119وه‌ ده‌كرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/09/2019‌ :: 413‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، تابان ره‌زا

هێڵی گه‌رمی 119ى فریاكه‌وتنی خێزانی كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیی دژی ژنان و به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی ژنان له‌كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر توندوتیژییه‌ك كه‌ به‌رامبه‌ریان بكرێت، دانراوه‌، 24 كاتژمێر له‌ خزمه‌تی ژناندایه‌ و رۆژانه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بۆ ده‌كه‌ن.

به‌رپرسی هێڵی گه‌رمی 119ى فریاكه‌وتنى خێرا له‌ سلێمانی، ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ كارابوونی هێڵی گه‌رمی 119، سكاڵاكانیش روویان له‌ زیادبوون كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێستا خه‌ڵك هۆشیار بووه‌ و داوای مافی خۆی ده‌كات".

هێلی گه‌رمی 119 بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی ئه‌و هاووڵاتیانه‌یه‌ كه‌ توندوتیژییان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت له‌هه‌ركوێیه‌ك بن
جووتیار ناسر به‌رپرسی هێلی گه‌رمی 119 له‌ سلێمانی، به‌ دواڕۆژی وت: "ئامانج له‌ دروستبوونی ئه‌م هێڵه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى كێشه‌ی خه‌ڵكی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یه‌، له‌هه‌مانكاتدا بۆ ئه‌وه‌یه‌ بتوانین كۆمه‌ڵگه‌ هۆشیار بكه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی كاتێك تووشی كێشه‌یه‌ك ده‌بن رێگه‌ڕاسته‌كه‌ بگرنه‌به‌ر. ئه‌م هێڵه‌ له‌ 26/10/2018وه‌ كاراكراوه‌ به‌هه‌ماهه‌نگیی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیی دژی ژنان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان. هێڵه‌كه‌ 24 كاتژمێر به‌ به‌رده‌وامی وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانی هاووڵاتیان ده‌داته‌وه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی و ده‌وروبه‌ری. كارمه‌نده‌كانی ئه‌م هێڵه‌ له‌ 4 كچ و 7 كوڕ پێكهاتوون، هاوكاریی ته‌واوی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێویستیان پێیانه‌. هه‌روه‌ها حاڵه‌تی فریاكه‌وتنمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئاسایشی سلێمانی 104 دا، چونكه‌ هه‌ندێجار ئه‌و كه‌سه‌ی په‌یوه‌ندیی ده‌كات دووره‌ده‌سته‌ و به‌هاوكاریی ئه‌وان ده‌توانین كه‌سه‌كه‌ له‌ مه‌ترسی رزگار بكه‌ین".

نه‌قیب جووتیار وتیشی: "هێڵی گه‌رمی 119 بێبه‌رامبه‌ره‌ و له‌ هه‌موو تۆڕه‌كانه‌وه‌ هاووڵاتی له‌ هه‌ر شوێنكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ هێڵ-ه‌كه‌وه‌ بكات راسته‌وخۆ داخڵی ئه‌و نووسینگه‌یه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌ر به‌ ناوچه‌كه‌یه‌تی". 

ئه‌وانه‌ى وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌ ده‌بێت راهێنراون بن بۆئه‌وه‌ى له‌بارودۆخی كه‌سه‌كه‌ تێبگه‌ن
جووتیار ناسر ده‌ڵێت: "هه‌موو ئه‌و كارمه‌ندانه‌ى له‌م هێَڵه‌دا كارده‌كه‌ن راهێنراون و ده‌وره‌یان بینیوه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندیی ده‌كه‌ن شپرزه‌ن و له‌ حاڵه‌تی  نائاسایدان، بۆیه‌ ده‌بێت كه‌سێك وه‌ڵامیان بداته‌وه‌ و رێنماییان بكات كه‌ له‌ بارودۆخیان تێبگات و قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن. رۆژ به‌ رۆژ كێشه‌كان له‌ زۆربووندان، په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌ زیادبووندان، بۆیه‌ به‌پێى توانای خۆمان توانیومانه‌ هاوكاریی خه‌ڵك بكه‌ین و بچین به‌هانایانه‌وه‌ و به‌پێى توانا رزگاریان بكه‌ین".

تیم مۆبایل بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ ناتوانن بێنه‌ده‌ره‌وه‌ و پێویستیان به‌ هاوكارییه‌
نه‌قیب جووتیار وتیشى: "هه‌ندێ حاڵه‌ت هه‌یه‌ كه‌سه‌كه‌ ناوێرێت بێته‌ده‌ره‌وه‌، له‌م حاڵه‌ته‌دا (تیم مۆبایل) هه‌یه‌ له‌ناو باره‌گادا، بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى كێشه‌ی كه‌سه‌كه‌ ده‌چنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌سه‌كه‌ی لێیه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، پاشان فۆرمی كه‌سه‌كه‌ پێشكه‌شی سه‌نته‌ری راوێژكاری خێزانی ده‌كرێت و ده‌چن بۆ لای كه‌سه‌كه‌. ئه‌وانه‌ى ده‌چن راوێژكاری یاسایی و كۆمه‌ڵناسیان تێدایه‌. یه‌كێكى تر له‌ كاره‌كانی تیم مۆبایل بڵاوكردنه‌وه‌ى هێڵی گه‌رمی 119یه‌ به‌شێوه‌ى ده‌ورات له‌ناو خوێندنگه‌كاندا، بۆئه‌وه‌ى له‌كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ر توندوتیژییه‌ك په‌یوه‌ندیی به‌ هێڵ-ه‌كه‌وه‌ بكه‌ن".

له‌ دادگا كه‌یسه‌كان یه‌كلایده‌بنه‌وه‌
به‌رپرسی هێلی گه‌رمی 119 له‌ سلێمانی، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پاش ئه‌وه‌ى كه‌سه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ 119 ده‌كات و داوای هاوكاریی ده‌كات، سه‌ره‌تا پێش ئه‌وه‌ى سكاڵا بكات رێنمایی و ئامۆژگاریی ته‌واو ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامێكی نه‌بوو ئه‌وكات ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ ویستی سكاڵا بكات، ده‌چێته‌ یه‌كێك له‌ نووسینگه‌كان سكاڵای یاسایی تۆمار ده‌كات، پاشان ده‌ده‌رێته‌ دادگا و پاش لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دادگا كه‌یسه‌كه‌ى یه‌كلایده‌بێته‌وه‌".

رۆژانه‌ سه‌روو 150 كه‌س په‌یوه‌ندی به‌ هێڵی گه‌رمه‌وه‌ ده‌كه‌ن
 نه‌قیب جووتیار ناسر به‌رپرسی هێلی گه‌رمی 119 له‌ سلێمانی، ده‌ڵێت:"له‌گه‌ڵ كارابوونی هێڵی گه‌رمی 119دا سكاڵاكانیش روویان له‌ زیادبوون كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێستا خه‌ڵك هۆشیار بووه‌ و داوای مافی خۆی ده‌كات. ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى رۆژانه‌ به‌ هێڵی گه‌رمی 119وه‌ ده‌كرێت له‌ سه‌رووى 150 ته‌له‌فون-ه‌وه‌ و رۆژ به‌ڕۆژ له‌ زیادبووندان. زۆرترین ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى ده‌كرێن هاككردنی  فه‌یسبوك-ه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى نه‌شیاو له‌كچ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌ له‌م رۆژه‌دا، له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی مۆبایل".

به‌پێ ئه‌و ئامارانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵدا په‌یوه‌ندییان به‌ هێڵی گه‌رمی 119وه‌ كردووه‌ له‌ هه‌زار و500 كه‌س  زیاتره‌. 

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure