بۆ یه‌كه‌مجار پۆستێكى وه‌زارى بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان دادەمه‌زرێندرێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/09/2019‌ :: 287‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا به‌ راسپاردنى ئایدن مه‌عروف وه‌ك وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كانى هه‌رێم.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابوردوو 19ى ئه‌یلول، مسرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاریدا به‌ راسپاردنى ئایدن مه‌عروف وه‌ك وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كانى هه‌رێم.

له‌كاتى پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمدا، یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانى به‌شداریى پێكهاته‌كانى (توركمان و مه‌سیحى و ئه‌رمه‌ن)ى هه‌رێم له‌ كابینه‌كه‌دا، دانانى وه‌زیرێكى هه‌رێم بوو تایبه‌ت به‌ پرسى پێكهاته‌كان، به‌مه‌ش دواى 28 ساڵ له‌ حكومڕانیى هه‌رێم، خه‌ونێكى پێكهاته‌كان هاته‌دى.

هه‌رسێ پێكهاته‌كه‌ به‌ 11 كورسى كۆتا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌شدارییان پێكراوه‌ (پێنج كورسى بۆ توركمان، پێنج كورسى بۆ مه‌سحییه‌كان، كورسیه‌كیش بۆ ئه‌رمه‌نه‌كان).

ئایدن مه‌عروف ساڵى 1970 له‌ هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، بڕوانامه‌ى ماسته‌رى له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هه‌یه‌. له‌ خولى چواره‌مى په‌رله‌مانى كوردستاندا سه‌رۆكى فراكسیۆنى به‌ره‌ى توركمانى عێراقى بوو.

له‌ كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمدا سێ وه‌زیرى هه‌رێم دیاریكراون كه‌ بریتین له‌ ڤاڵا فه‌رید وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و حكومه‌ت، خالید شوانى وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى عێراق، وا ئایدن مه‌عروف-یش به‌ وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كانى هه‌رێم راسپێردرا.

پ: ل. م

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure