وه‌زاره‌تی دارایی بڕیارێكی ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: 21/09/2019‌ :: 15277‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رجه‌م قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی عێراق له‌بواری پۆسته‌ دایه‌وه‌، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم بڕیاریدا به‌ نوێکردنەوەی گواستنەوەی پۆستەی هەرێمی کوردستان بۆ سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان.

به‌پێی بڕیاری ژماره‌ (9325)ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم كه‌ به‌ واژۆی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی ده‌رچووه‌ و وێنه‌یه‌كی لای دواڕۆژە، ره‌زامه‌ندی داوە له‌سه‌ر نوێکردنەوەی گواستنەوەی پۆستە له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان له‌ڕێگەی کۆمپانیای (الاتجاه العراق) و بە هێڵی ئاسمانی (المملکە الاردنیە) بەبڕی حه‌وت هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک كه‌لوپه‌ل و شتومه‌ك.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، دوای ته‌واوبوونی ئه‌و گرێبه‌سته‌ كاری ته‌نده‌رین بۆ گرێبه‌سته‌كه‌ ئه‌نجامده‌درێت.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی پۆسته‌ی هه‌رێم بڕی دوو ملیار دینار قه‌رزداری حكومه‌تی عێراق بوو، بۆیه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ یه‌كێتی پۆسته‌ی جیهانی له‌سه‌ر داوای عێراق كاره‌كانی پۆسته‌ی هه‌رێمی كوردستانی راگرتبوو، به‌ڵام ماوه‌ی نزیكه‌ی سێ مانگه‌ كاره‌كاتی پۆسته‌ی هه‌رێم ده‌ستپێكردووەته‌وه‌.

به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ له‌دوای 2014_ه‌وه‌، ئاستی ئاڵوگۆڕی كه‌لوپه‌ل له‌ پۆسته‌گه‌یاندنی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیووه‌.

سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ ئاڵوگۆڕی پۆسته‌ له‌ ساڵی 2007 دامه‌زراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی گرفتی دارایی له‌سه‌ر داوای به‌غدا و له‌ مانگی 10ی 2017 كاره‌كانی له‌لایه‌ن یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی پۆسته‌وه‌ راگیرابوو.

ئومێد محه‌مه‌د ساڵح، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان له‌ئێستادا كێشه‌ له‌ كاره‌كانی پۆسته‌ی هه‌رێم نه‌ماوه‌.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure