ژیانى ئه‌و مێردمنداڵه‌ى زاخۆ له‌ ناو هه‌په‌گه‌دا شه‌هید بوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 2107‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

له‌گه‌ڵ مامى خۆى چووه‌ ناو هێزه‌كانى پاراستنى گه‌ل (هه‌په‌گه)، ‌مامى زوو په‌شیمان بووەوە و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وامبوو تاوه‌كو هه‌په‌گه‌ 20ى ئه‌م مانگه‌ شه‌هیدبوونى راگه‌یاند.


ئه‌م مێردمنداڵه‌، ئه‌حمه‌د خه‌ڵات شاكر-ەو له‌ ته‌مه‌نى 14 ساڵیدا و لە 27ى ئابى 2018، له‌گه‌ڵ مامى بە ناوی سه‌لام شاكر، له‌ زاخۆ چوونه‌ ناو ریزه‌كانى هه‌په‌گه‌، وه‌ك باوكى ده‌ڵێت: "یه‌ك هیوامان هه‌بووه‌ كه‌ پێش شه‌هیدبوونى، ئه‌حمه‌د دایكى خۆى ببینێت، به‌ڵام نه‌یبینى".

رۆژى 20ی ئه‌یلولی 2019، ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى هه‌په‌گه‌ رایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامى هێرشى فڕۆكه‌كانى توركیا ئه‌حمه‌د خه‌ڵات، (عه‌گید چیا) له‌ ناو ریزه‌كانى (هه‌په‌گه)‌ له‌گه‌ڵ سێ هاوڕێى شه‌هید بوو.

خه‌ڵات شاكر، باوكى ئه‌م شه‌هیده‌ى (هه‌په‌گه‌) ژیانى كوڕه‌كه‌ى بۆ دواڕۆژ باسكرد وتى: "كوڕەکەم له‌ پۆلى 8 ده‌رچوو بوو، بڕیار وابوو درێژه‌ به‌ خوێندنى خۆى بدات، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ى یه‌ك رۆژیش باسى (هه‌په‌گه‌) بكات یان ئاماژه‌ به‌وه‌ بكات كه‌ ده‌بێته‌ گه‌ریلا، به‌جێی هێشتین و چووه‌ ناو گه‌ریلاکانەوە".

وتیشى: "كوڕه‌كه‌م له‌گه‌ڵ براى من سه‌لام، چووبوونه‌ ناو هه‌په‌گه‌، به‌ڵام براکەم زوو گه‌ڕایەوه‌ ماڵەوە، ئێمه‌ نه‌مانده‌زانى ئه‌حمه‌د له‌ كوێیه‌ چه‌ندینجار هه‌وڵماندا بیبینین، به‌ڵام گه‌ریلا به‌ئێمه‌ى راده‌گه‌یاند كه‌ دۆخه‌كه‌ گونجاو نیه و ناتوانن ئه‌و دیداره‌ ئه‌نجامبده‌ن".

ئاماژه‌ی بەوەشكرد: هه‌موومان به‌تایبه‌ت دایكى ئه‌حمه‌د یه‌ك هیواى هه‌بوو، ئه‌ویش كوڕه‌كه‌ى ببینێت و باوه‌شى پیادا بکات، به‌ڵام نه‌یبینى، بۆیه‌ لە دوو رۆژ پرسه‌كه‌دا دایكى ئه‌حمه‌د له‌ هۆش خۆى چووبوو، به‌ناچارى ئێمه‌ بردمانه‌ نه‌خۆشخانه‌.

ئاشكراشیكرد: كه‌ تاوه‌كو ئێستا نازانین جه‌نازه‌ى كوڕه‌كه‌مان له‌ كوێیه‌ و چى به‌سه‌ر هاتووه‌، دواى شه‌هیدبوونى كوڕه‌كه‌مان په‌یوه‌ندیمان به‌ هه‌په‌گه‌وه‌ نه‌كردووه‌، زۆر حه‌ز ده‌كه‌ین جه‌نازه‌ى كوڕەکەمان ببینین، به‌ڵام هه‌موو جارێك هه‌وڵمان دابێت بچینه‌ هه‌رێمى پاراستنى میدیا، گه‌ریلا رێگرى له‌ ئێمه‌ كردووه‌، ئه‌وەش به‌ به‌هانه‌ى هه‌بوونى شه‌ڕ و ناهه‌موارى له‌و ناوچه‌یه‌.

رۆژێك پێش راگه‌یاندنەکەى هه‌په‌گه‌ سه‌باره‌ت بە شه‌هیدبوونى ئه‌حمه‌د خه‌ڵات، هه‌په‌گه‌ بنه‌ماڵه‌ى ئه‌حمه‌دی ئاگادار كردبووەوە كه‌ كوڕه‌كه‌یان شه‌هید بووه‌، بۆیه‌ رۆژى 19-20ی ئه‌م مانگه،‌ له‌ زاخۆ پرسه‌ى ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌چوو.

پ: چ.ع

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure