پارتى وه‌ڵامى یه‌كێتى دایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 21/09/2019‌ :: 44310‌ جار بینراوە
لۆگۆى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان

دواڕۆژ، نووسینگه‌ی هه‌ولێر

پارتی له‌ رێگه‌ی هۆشیاری زێباری ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسیى وه‌ڵامی نامه‌یه‌كى پێشووى مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا ناڕه‌زایی ده‌ربڕیوه‌ له‌ رووداوى رێگریكردن له‌ چوونى مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسیى یه‌كێتى بۆ ناو هه‌ولێر و دواڕۆژ ناوه‌ڕۆكى وه‌ڵامه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

  
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابوردوو 19ی ئه‌یلول، له‌ بازگه‌ی سماقولی رێگه‌نه‌درا مه‌حمود سه‌نگاوی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتیمانى کوردستان بچێته‌ ناو شارى هه‌ولێر، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان كرد.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ هۆشیار زێباری ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسى پارتى به‌ ناوی مه‌سعود بارزانی له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیه‌وه‌ به‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ بارزانی و پارتیه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان لێی به‌رپرسیارن، پارتیش داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ كردووه‌ تاوه‌كو راستی پرسه‌كه‌ بخه‌نه‌ڕوو.

دواڕۆژ زانیویه‌تی قوباد تاڵه‌بانی جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی-ش له‌وباره‌یه‌وه‌ ناڕه‌زایی خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێكهێنراوه‌ و هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتیش له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌سه‌ر هێڵن له‌ چه‌ند رۆژی داهاتووشدا لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، به‌ر له‌ دانیشتنی دوێنێی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌ سلێمانی، پارتی له‌سه‌ر ئاستی باڵا به‌ڵێنیان به‌ یه‌كێتیی داوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ جدی بن و ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌بووه‌ سزابدرێن، بۆیه‌ پێویسته‌ ناكات یه‌كێتیی هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی توند بنوێنێت.

پێداچوونه‌وه‌: هـ. ق
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure