شه‌ڕ له‌ نێوان دانیشتوانى دوو گوند روویدا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 6721‌ جار بینراوە

دواڕۆژ ، محه‌مه‌د مسته‌فا
دره‌نگانێكی شه‌وی رابوردوو تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 20 ی ئه‌یلول، شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ له‌نێوان گونده‌كانی جه‌لكان و مه‌مكان له‌ سنووری قه‌زای پشده‌ر روویداو شه‌ڕه‌كه‌ش ماوه‌ی زیاتر له‌ كاتژمێرێكی خایاند .

حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا ئه‌نجومه‌نی گوندی مه‌مكان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دره‌نگانی شه‌وی رابوردوو تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ، شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ له‌نێوان بنه‌ماڵه‌یه‌كی گوندی مه‌مكان و بنه‌ماڵه‌یه‌كی گوندی جه‌لكان روویداوه‌، رووداوه‌كه‌ش به‌ جۆرێك بووه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی گوندی مه‌مكان هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر گوندی جه‌لكان .
وتیشی:"شه‌ڕه‌كه‌ هیچ قوربانیه‌كی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و گوندانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ساڵی پار ئه‌و كێشه‌یه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ "


 هاوكات شۆڕش ئیسماعیل وته‌بێژی پۆلیسی راپه‌ڕین به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی شه‌ڕ له‌نێوان ئه‌و دوو گونده‌ بوونی هه‌بووه‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش بۆ كۆنترۆڵكردنی شه‌ڕه‌كه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنێ رووداوه‌كه‌ و خوشبه‌ختانه‌ شه‌ڕه‌كه‌ زیانی گیانی نه‌بووه‌ .
وتیشى: "ساڵی رابوردوو له‌ كاتی كێشه‌ی نێوان ئه‌و دوو گونده‌ هاووڵاتیه‌ك و پۆلیسێك كوژران و هێزه‌كانی پۆلیس زیاتر له‌ 10 كه‌سی له‌و دوو گونده‌ ده‌ستگیركرد و هه‌رچه‌نده‌ ئاشته‌وایی له‌ نێوان هه‌ردوو گوندیش كرا ، به‌ڵام پێ ده‌چێت دووباره‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌".
 پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە