بڕیارێكی نوێ بۆ سه‌رجه‌م پزیشكان ده‌ركرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 2609‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای پزیشكانی كوردستان بڕیاریدا سه‌رجه‌م پزیشكانی كوردی هه‌رێم و بیانییه‌كان ناچار بكات بڕوانامه‌كه‌یان یه‌كسان بكه‌ن و به‌شێوه‌ی هه‌میشه‌یی یان گرێبه‌ست یاخود خۆبه‌خش له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی هه‌رێم كاربكه‌ن، ئه‌وكاته‌ رێگه‌ی پێده‌درێت نۆرینگه‌ی تایبه‌ت له‌ هه‌رێم بكاته‌وه‌.


ئه‌نجومه‌نی باڵای سه‌ندیكای پزیشكانی كوردستان به‌ نووسراوی ژماره‌ (238) كه‌ دوێنی (چوارشه‌ممه‌ 18ی ئه‌یلول) ده‌رچووه‌ و وێنه‌یه‌كی لای دواڕۆژه‌، چه‌ند مه‌رجێكی بۆ كردنه‌وه‌ی نۆرینگه‌ی تایبه‌ت به‌ پزیشكانی كورد و بیانی له‌ هه‌رێم ده‌ركردووه‌.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌، بۆ كردنه‌وه‌ یاخود نوێكردنه‌وه‌ی نۆرینگه‌ی تایبه‌ت، ده‌بێت پزیشكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم نووسراوێكی پشگیری له‌ سه‌ندیكای پزیشكانی عێراق بهێنێت و بیسه‌لمێنێت كه‌ نۆرینگه‌ی تایبه‌تی له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق نییه‌و  به‌شێوه‌ی هه‌میشه‌یی یان گرێبه‌ست یاخود خۆبه‌خش له‌ داموده‌زگاكانی هه‌رێم دامه‌زرابێت، ئه‌وكات رێگه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی نۆرینگه‌كه‌ى ده‌درێت.

سه‌باره‌ت به‌ پزیشكانی ناوه‌وه‌ی كوردستان یاخود پزیشكانی بیانی، بڕیاره‌كه‌ جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "سه‌رجه‌م پزیشكانی كوردی هه‌رێم و بیانییه‌كان ناچار ده‌كات بڕوانامه‌كه‌یان یه‌كسان بكه‌ن و به‌شێوه‌ی هه‌میشه‌یی یان گرێبه‌ست یاخود خۆبه‌خش له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی هه‌رێم كاربكه‌ن، ئه‌وكاته‌ رێگه‌ی پێده‌درێت نۆرینگه‌ی تایبه‌ت له‌ هه‌رێم بكاته‌وه‌".

به‌پێی بڕیاره‌كه‌، ئه‌و پزیشكانه‌ی كه‌ پێشتر مۆڵه‌تی كاركردنیان له‌ هه‌رێم پێدراوه‌، ده‌بێت له‌ماوه‌ی مانگێكدا پشتگیریه‌ك له‌ سه‌ندیكای پزیشكانی عێراق بهێنن، ئینجا مۆڵه‌تی كاركردنیان له‌ نۆرینگه‌ی تایبه‌ت پێده‌درێت.

پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure