ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری ده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 19/09/2019‌ :: 11592‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دوای ئه‌وه‌ی ئێران به‌رپرسیارێتی له‌ هێرشی سه‌ر كه‌رتی نه‌وت له‌ سعودیه‌ ره‌تكرده‌وه‌، كاربه‌ده‌ستێكی باڵای وڵاته‌كه‌ رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر به‌هۆی ئه‌و كاره‌وه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر ئێران جه‌نگی سه‌رتاسه‌ری راده‌گه‌یه‌نن.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له‌ كۆنفرانسێكدا له‌ كوالالامپوری پایته‌ختی مالیزیا رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی سعودیه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر ئێران، ئه‌وا ئێران شه‌ڕێكی سه‌رتاسه‌ری له‌ سه‌رانسه‌ری كه‌نداوی فارسی راده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌م لێدوانه‌ی زه‌ریف توندترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ كه‌ به‌ درێژایی رووداوه‌كانی ئه‌م هاوینه‌ و دوابه‌دوای شكستهێنانی رێكه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران راگه‌یه‌ندرا بن.

ئه‌م لێدوانه‌ی زه‌ریف پێده‌چێت وه‌ڵامێكیش بێت بۆ مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ رایگه‌یاند هێرشه‌كه‌ بۆ سه‌ر سعودیه‌ كرده‌وه‌یه‌كی جه‌نگییه‌.

زه‌ریف رایگه‌یاند: له‌ كاتی جه‌نگه‌كه‌دا قوربانییه‌كی زۆر ده‌كه‌ونه‌وه‌. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "من لێره‌دا قسه‌یه‌كی زۆر جدی ده‌كه‌م و ده‌ڵێم ئێمه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازییمان ناوێت به‌ڵام به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ك خاكه‌كه‌مان ده‌پارێزین".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ كاربه‌ده‌ستانی سعودیه‌ ئێران به‌ به‌رپرسیاری هێرش بۆ سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی سعودیه‌ داده‌نێن و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لیژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ ره‌وانه‌ی سعودیه‌ كردووه‌.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure