"دوو ملیار دینار به‌ نادادپه‌روه‌رى به‌سه‌ر یانه‌كاندا دابه‌شكراوه‌"

هەواڵ / ئابوری :: 21/09/2019‌ :: 216‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ شێوازى خه‌رجكردنى دوو ملیار دینار، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى بانگهێشتى په‌رله‌مان ده‌كرێت و سه‌رۆكى لیژنه‌ى رۆشنبیرى و لاوانیش ده‌ڵێت: "له‌ دواساته‌كانى كابینه‌ى هه‌شته‌مدا، دوو ملیار دینار به‌ نادادپه‌وه‌رى به‌سه‌ر یانه‌ وه‌رزشییه‌كاندا دابه‌شكراوه‌".

لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى رۆشنبیرى و لاوانى په‌رله‌مانى كوردستان (ئەمڕۆ شەممە 21ى ئەیلولى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ دواساته‌كانى ته‌مه‌نى كابینه‌ى هه‌شته‌مدا، بڕى دوو ملیار دینار له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ به‌سه‌ر یانه‌ وه‌رزشییه‌كاندا دابه‌شكراوه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى دابه‌شكردنى پاره‌كه‌ به‌ نادادپه‌روه‌رى بووه‌، بۆیه‌ به‌شێك له‌ یانه‌كانى سنوورى (سلێمانى، كه‌ركوك، گه‌رمیان و چه‌مچه‌ماڵ) سكاڵایان تۆماركردووه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئێمه‌ لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كیمان پێكهێناوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پاره‌كه‌ به‌ نادادپه‌روه‌ى دابه‌شكراوه‌، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیرى و لاوان له‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى بانگهێشتى لیژنه‌ى رۆشنبیرى ده‌كرێت بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ شێوازى خه‌رجكردنى و ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ى دروستبووه‌.

له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى له‌باره‌ى شێوازى خه‌رجكردنى پاره‌كه‌، فه‌رهه‌نگ گۆمه‌شینى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پاره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌ و به‌پێى قورسایى و ریزبه‌ندى یانه‌كان، دابه‌شكراوه‌.

وتیشى: "وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى ده‌رگاى كراوه‌یه‌ بۆ هه‌ر لایه‌نێك یاخود په‌رله‌مانتارێك كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ خه‌رجكردنى پاره‌كه‌ بكات، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌لامانه‌وه‌ ئاساییه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیرى و لاوانى وه‌زاره‌ت بۆ لێپرسینه‌وه‌ بانگهێشتى په‌رله‌مان بكرێت".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure