پارتی لەسەر رێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی هاتەدەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 19/09/2019‌ :: 53025‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا و پشتیوان

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر رووداوی رێگریکردن لە چوونی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ناو هەولێر، روونکردنەوە دەدات.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: رێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهۆی رێکاری ئاسایشەوە بووەو مەبەستی سیاسی لە پشتەوە نەبووە.

وتیشی: "پارتی و یەکێتی پەیوەندییان زۆر باشە و رۆژانە سەرکردە و بەرپرسی هەردوولامان هاتووچۆ دەکەین لە نێوان سلێمانی و هەولێردا و تائێستا رێگری لە کەس نەکراوە، ئەوەی ئەمڕۆش دەکرێت کاک مەحمود نەناسرابێتەوە، بۆیە رێگری لێکراوە".

ئەوەشی وت: "پێویستی نەدەکرد یەکێتی بەیاننامە لەسەر ئەو بابەتە بڵاوبکاتەوە، چونکە بابەتەکە سیاسی نییە".

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ: لەنزیک کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتێک مەحمود سەنگاوی بەمەبەستی بەشداری لەکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی لەشاری هەولێر، گەیشتووەتە بازگەی دێگەڵە، لەلایەن ئاسایشەوە پێیان وتراوە کە لەسەرووی خۆیان پێیان وتراوە نابێت سەنگاوی بێتە هەولێر، بۆیە ئەویش بەئاسایی وەریگرتووە و گەڕاوەتەوە و هیچ شتێکی دیکە لەنێوانیان رووینەداوە.

ئەمڕۆ 19ی ئەیلولی 2019 لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند کە لە بازگەی سماقوڵی رێگری لە مەحمود سەنگاوی کراوە بچێتە ناو هەولێرەوە و بەشداری کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی بکات، نیگەرانی حیزبەکەشی لەو رووداوە دەربڕی و رایگەیاند ئەمە قابیلی قبوڵ نییە.

ئا: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد









  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure