دەوڵەتێکی بەهێز لەسەر بنەمای توێژینەوە دروست دەكرێت

هەواڵ / چاوی تۆ :: 19/09/2019‌ :: 96‌ جار بینراوە

شاکۆ عوسمان

ئەگەر سەرەتا بپرسین توێژینەوە یان لێکۆڵینەوە چیە؟ توێژینەوە: گەڕانێکی وردە بە دوای ناوه‌ڕۆکی بابەتێک بەمەبەستی پەیداکردنی زانینێکی گشتگیر بە خودی ئەو بابەتە، ئەویش لەڕێگەی بەرکاهێنانی میتۆدێکی زانستی گونجاو، بەو مەرجەی لە کۆتاییدا راپۆرتێکی تێروتەسەل، بەگوێرەی چەند تەکنیکێكى دەستنیشانکراو، ئامادەبکات. 

لە جیهاندا گرنگیی زۆر بە رەوتی توێژینەوە زانستییەکان دەدرێت لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، ئەمەش بێگومان بەکاردەهێنرێتەوە لە بەرەوپێشچوونی سیستمی کۆمەڵایەتی و درککردن بە نەزانراوەکان  و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان لە کۆمەڵگە و جیهاندا.

توێژینەوە چارەسەری کێشەیەکە و بەدەستهێنانی ئەنجامێکە کە دەمانگەیەنێت بە خاڵی سەرەتا لە هەر بوارێکدا کە مرۆڤەکان هاندەدات زیاتر لێکۆڵینەوە و ئامرازەکان وەگەڕبخات تاکو بگاتە راستیە نەزانراوەکان.

ئامارەکان پێماندەڵێن کە وڵاتی ئیسرائیل لەسەر ئاستی جیهان خاوەنی زۆرترین لێكۆڵەر و توێژەرە لە سەرجەم بوارەكاندا كە ٨٢٥٠ توێژەری هەیە. بەكورتی دەوڵەتی عەقڵە و هەوڵدەدات توانا مرۆییەکان بەگەڕبخات بۆ تێگەیشتن و بەرەوپێشچوونی رەهەندە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە.

لەو لیستەی کە بڵاوکراوەتەوە، كۆریای باشوور بە پلەی دووەم و ژاپۆن بە پلەی  سێیەم و ئەڵمانیا بە پلەی چوارەم دێن و ئەمەریكا لە پلەی هەشتەم و چین لە پلەی ١٥یەمیندایە.

دەپرسم بەگشتی لە وڵاتی عێراق و بەتایبەت لە نێو هەرێمی کوردستان، لە  ناوەندەکانی خوێندنی بـــاڵادا تا چەند گرنگیی دراوە بە لایەنی توێژینەوە؟ یان بڵێن توێژینەوەکان چ گۆڕانکارییەکیان دروستکردووە لەسەر تاک و کۆمەڵگە و خاک و نیشتیمان؟!

زۆرێک بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەڵێن توێژینەوەکان لەم هەرێمەدا بۆ مەرامی تایبەت و پلەبەرزکردنەوە و ناوبانگ ئەنجامدەدرێن، بۆیە ئامانج لە پشت بوونی توێژینەوەکانه‌وه‌ نییە، توێژەر هیچ ئامانجێکی لە گەیاندنی پەیامی توێژینەوەکەی نییە و تەنیا و تەنیا وەک فاکتێک بەکاردێت نەک وەک "کلیلی چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان".

یاخود دەوترێت زۆرێک لە توێژینەوەکان ساختە و دروستکراو و وەرگێڕدراون و تەنیا بۆ مەبەستی تایبەت ئەنجام دەدرێن، زۆرجار بە لیژنەی زانستییشدا تێپەڕدەبێت و هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ دەکرێت!.

ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر وردی دەوێت. ئایا رەوتی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟ و ئایا توێژینەوەی زانستی چ دەرئەنجامێکی هەبووە؟ كه‌ سەرەڕای هەبوونی چەندین ناوەند و بنکەی فراوان بۆ توێژینەوە، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان و عێراق ناویان نەچووه‌تەوە لیستی توێژەرانی جیهانه‌وه‌ .

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure