وه‌زیرى پلاندانان: مه‌ترسییه‌كانى ئه‌نجامدانى سەرژمێریمان گه‌یانده‌ نوێنه‌رانى عیراق

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 163‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى سه‌رژمێرى عیراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ كۆتایى ساڵى 2020 ئه‌نجامبدرێت، شاندێكى عیراقى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پلاندانانی هەرێم كۆبوونه‌وه‌و لایه‌نى كوردى چه‌ند داواكارییه‌كیان بۆ نه‌هێشتنى مه‌ترسی پرۆسه‌كه‌ ئاڕاسته‌ى ئه‌و شانده‌ عێراقییه‌ كرد.

دارا ره‌شید، وه‌زیرى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێم (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19ى ئه‌یلولى 2019) له‌ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند: ده‌رباره‌ى ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى له‌عیراق كۆبووینه‌ته‌وه‌، وه‌كو هه‌رێمى كوردستانیش مه‌ترسییه‌كانى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌كه‌مان به‌وشێوه‌یه‌ى ئێستا گه‌یانده‌ نوێنه‌رانى عیراق.

وتیشى: "هه‌موو ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ى له‌ عیراق ئه‌نجامدراون هێنده‌ى سیاسی بووه‌، دووربووه‌ له‌بوارى پێشخستن و په‌ره‌پێدان، جگە له‌وه‌ى مافى پێكهاته‌كانیش له‌زۆربه‌ى سه‌رژمێرییه‌كاندا پێشێلكراوه‌ و ده‌بێت له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادى عیراق سه‌رژمێرییه‌كى دوور له‌ مه‌رامى سیاسى ئه‌نجام بدرێت".

هاوكات خالید شوانى، راسپێردراوى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و بەغدا، رایگه‌یاند: چه‌ند مه‌ترسییه‌كمان له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرییه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌واوى سه‌رنج و تێبینییه‌كانمان گه‌یانده‌ شاندى عیراقى كه‌ پێكهاتوون له‌ مه‌هدى عه‌لاق، راوێژكارى سه‌رۆك وه‌زیران و دكتۆر زیا عەواد کازم، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى عیراقى.

وتیشى: "گرفته‌كان زیاتر په‌یوه‌ستن به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ماده‌ى 140، بۆیه‌ ده‌بێت خه‌ڵكى ره‌سه‌نى ناوچه‌كه‌ پیشان بدرێت، نه‌ك ئه‌و دۆخه‌ى ئیستا له‌و ناوچانه‌ دروستكراوه‌".

لاى خۆشیه‌وه‌ مه‌هدى عه‌لاق راوێژكارى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق رایگه‌یاند: له‌به‌رزترین ئاستى باڵاى هه‌رێم پشتگیرى له‌ ئه‌نجامدانى سەرژمێری لە عێراق كراوه‌، ئه‌و گرفتانه‌شى كه‌ هه‌ن له‌ڕێگه‌ى خۆمانه‌وه‌ ده‌یگه‌یه‌نینه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و ده‌بێت متمانه‌ى ته‌واو له‌نێوان هه‌ردوولا دروست بكرێت و خۆشبه‌ختانه‌ به‌دواى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ده‌گه‌ڕێین.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure