هەفتەی داهاتوو سەرجەم پڕۆژەکانی ڕێگاوبان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 358‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند "بڕی 40 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ڕێگاوبانەکان تەرخانکراوە کە دەبێت لەماوەی 70 رۆژدا  تەواو بکرێن".


دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئەیلولی 2019 لەپرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند "لەسەرەتای ئەم هەفتەیە دەستدەکەین بەجێبەجێکردنی پلانەکانمان بۆ نۆژەنکردنەوەی سەرجەم رێگاو بانەکان بەتایبەت رێگا سەرەکییەکانی هەرێم بۆئەوەی لەناوەڕاستی مانگی دوانزە تەواو بکرێن".


وتیشی: "بڕی 40 ملیار دیناری عێراقی بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان دابینکراوە کە پارێزگای هەولێر کراوە بە 6 ناوەند و دهۆک 4 ناوەند و سلێمانی وهەڵەبجە و گەرمیانیش کراون بە 8 ناوەندی جێبەجێکردنەوە".


باسی لەوەشکرد، تەواوی پڕۆژەکان رادەستی بەڵێندەران کراون و لەوادەی دیاریکراو دەستپێدەکەن، هەرچی تونێلی پیرمامیشە 86٪ی کارەکانی تەواو بووە و لەبەر نەبوونی پارە راگیراوە، بەڵام لەماوەیەکی نزیکدا ئەو رێژەیەی ماوە تەواو دەکرێت".

وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەبارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیشەوە رایگەیاند "پلانی درووستکردنی 8 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونمان داڕشتووە کە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو جێبەجێی بکەین و لە پلانەکەشدا رەچاوی چینی هەژاران کراوە کەبەشێوەی قیستی درێژخایەن بەسەریاندا دابەشبکرێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure