دۆزی كورد پەیوەندیی توركیا و ئەمریكای ئاڵۆز كردەوە

هەواڵ / کوردستان :: 19/09/2019‌ :: 236‌ جار بینراوە

تاگ :: تورکیا

دواڕۆژ

جارێكی تر واشنتۆن و ئەنقەرە لەسەر دۆزی كورد و ناوچەی ئارام لە خۆرئاوای كوردستان، كەوتنەوە هەڕەشە لە یەكتریكردن و ئاڵۆزبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان بووە سەردێڕی گرنگترین هەواڵەكانی جیهان.

ویلایەتە یەكگرتووەكان دووپاتیكردەوە كە بەردەوام دەبێت لە ناردنی چەك و تفاقی جەنگی بۆ جەنگاوەرە كوردەكان و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، ئەمەیش دووبارە دەوڵەتی توركیا و خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای بەجۆرێك هەراسان كردووە كە هەڕەشەی پەیڕەوكردنی پلانی تاكلایەنە دەكات لە باكووری سوریا.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێت: "پشتگیریكردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هەڵوێستێكی راست و دێرینی ئەمریكایە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی چەكدارانی داعش و رێگرتن لە پەلهاویشتن و فراوانبوونەوەی هەژموون و دەسەڵاتیان، بۆیە بەردەوام دەبین لە پێدانی چەك و كەرەستەی سەربازیی بە یەپەگە".

ئەگەرچی ئەنقەرە و واشنتۆن گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی تایبەت بە دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە خۆرئاوای كوردستان، بەڵام توركیا دەیەوێت ئەو هەنگاوە هاوبەشەی نێوان خۆی و ئەمریكا بقۆزێتەوە و لەدژی جەنگاوەرە كوردەكان بەكاری بێنێت كە بەهەڕەشەی سەر ئاسایشی توركیا ناویان دەبات، ئەمریكایش نایەوێت دەستبەرداری هێزە كوردییەكانی سوریا ببێت كە بە تەوەری گۆڕانكاریی ریشەییان دەزانێت لە سوریای داهاتوودا.


ئا: ل. م
پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure