حكومه‌ت قه‌رزى بچووك ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 18107‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سامان قوبادى


بڕى 70ملیار دینار وه‌ك قه‌رز دراوه‌ به‌ گه‌نجان و ته‌نیا 37ملیار دینارى گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان-یش پڕۆژه‌ى پێدانى قه‌رزى بچووك به‌ گه‌نجان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كرێت پاره‌ بخاته‌ ئه‌و سندوقه‌ى تایبه‌ته‌ به‌ قه‌رزى بچووك، هاوكات به‌ وته‌ى پسپۆڕێكى ئابوری "قه‌رزى بچووك بێكارى و هاورده‌ى كاڵا كه‌مده‌كاته‌وه‌ و كه‌ڵێكى زۆرى ئابوریى هه‌یه‌".

قه‌یرانى دارایى ته‌واوى پڕۆژه‌كان و ته‌نانه‌ت پێدانى قه‌رزى بچووكیشى به‌ گه‌نجان، راگرت، تا ئه‌و ئاسته‌ى به‌شێك له‌و گه‌نجانه‌ى له‌ رێگه‌ى وه‌رگرتنى ئه‌و قه‌رزه‌وه‌ پڕۆژه‌یان ده‌ستپێكرد تێیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى قه‌یرانى دارایى-دا گه‌نجان ته‌نیا له‌ رێگه‌ى بانك و رێكخراوه‌كانى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ قه‌رزیان بۆ پڕۆژه‌كانیان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌ چوونه‌سه‌رى بڕێكى زۆرى (سوود/فائیده‌) له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و قه‌رزه‌ى وه‌ریانگرتووه‌.

قه‌رزه‌كه‌ له‌ یه‌ك ملیۆنه‌وه‌ تا 15ملیۆن دیناره‌
كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیرى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت:"پڕۆژه‌ى قه‌رزى بچووك زۆر گرنگه‌ بۆ ئێستاى كوردستان، چونكه‌ دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كاره‌ بۆ گه‌نجان، كارنامه‌ى چوارساڵى وه‌زاره‌ته‌كه‌مان ئاڕاسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌، تێیدا باسمان له‌وه‌ كردووه‌ پڕۆژه‌ى قه‌رزى بچووك بۆ گه‌نجان ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ پاش په‌سه‌ندكردنى كارنامه‌كه‌، كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین".

به‌وته‌ى وه‌زیرى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌مه‌ودوا به‌ فۆڕمێكى نوێ قه‌رزى بچووك ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و ده‌درێت به‌ گه‌نجان"هه‌ر كه‌سێك پڕۆژه‌ پێشكه‌ش بكات بۆ وه‌رگرتنى ئه‌م قه‌رزه‌، پێش ئه‌وه‌ى پێیبده‌ین خولێكى پیشه‌یى و كارگێڕیى بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌، تا به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوو پڕۆژه‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت، پاشان پاره‌كه‌ى پێده‌درێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش داوامان له‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كردووه‌ پاره‌ بخاته‌ ئه‌و سندوقه‌وه‌ كه‌ بۆ قه‌رزى بچووك دانراوه‌، هه‌روه‌ها داوایش له‌ رێكخراوه‌كان ده‌كه‌ین به‌ قه‌رز پاره‌مان پێبده‌ن بۆ ئه‌م سندوقه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیده‌ین به‌ خه‌ڵك وه‌ك قه‌رزى بچووك".

وه‌زیرى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى ئاشكرایكرد"بڕى ئه‌و قه‌رزه‌ى ده‌درێت به‌ گه‌نجان به‌پێى یاسا ده‌توانرێت له‌ یه‌ك ملیۆنه‌وه‌ تا 15ملیۆن دینار وه‌ك قه‌رز بده‌ین، له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابوردوودا وه‌زاره‌ته‌كه‌مان 70ملیار دینارى وه‌ك قه‌رزى بچووك داوه‌ به‌ گه‌نجان، له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونم له‌و بڕه‌ ته‌نیا نزیكه‌ى 37ملیار دینارمان وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌م پاره‌یه‌یش به‌رده‌وام دێته‌وه‌ سه‌رى و زیاد ده‌كات".

كه‌ڵكه‌ ئابورییه‌كانى بۆ هه‌رێمى كوردستان
له‌ ساڵى 2011وه‌ حكومه‌ت هه‌رێم پڕۆژه‌ى پێدانى قه‌رزى بچووكى به‌ گه‌نجان راگه‌یاند، كه‌ پاڵپشتییه‌كى گه‌وره‌ بوو بۆ گه‌نجان و فراوانكردنى پڕۆژه‌كانیان، به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 8هه‌زار كه‌س سوودمه‌ند بوون، پڕۆژه‌ى بچووكیش به‌ بناغه‌ى ئابوریى داده‌نرێت و به‌شێكى زۆرى پڕۆژه‌ گه‌وره‌كانى وه‌به‌رهێنانیش له‌و رێگه‌یه‌وه‌ گه‌شه‌یاند كردووه‌.

خالید حه‌یده‌ر مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕى ئابورى، بۆ دواڕۆژ باس له‌وه‌ ده‌كات"قه‌رزى بچووك كه‌ڵكى ئابوریى زۆرى هه‌یه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان، زۆربه‌ى گه‌نجان به‌هره‌ و فیكره‌ى پڕۆژه‌ی باشیان هه‌یه‌، به‌ڵام پاره‌یان نییه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى ئه‌م قه‌رزه‌وه‌، به‌شێك له‌ گه‌نجان پڕۆژه‌ى هاوبه‌شیان داده‌مه‌زراند، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى وه‌ك قه‌رز ده‌درێت به‌ گه‌نجان ته‌واوكه‌رى ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ كه‌ گه‌نجێك هه‌یه‌تى، بۆیه‌ له‌ماوه‌ى رابوردوودا گه‌نجان به‌ڕێژه‌یه‌كى باش لێى سوودمه‌ند بوون".

ئه‌و پسپۆڕه‌ى بوارى ئابورى وتیشى:"یه‌كه‌م: رێژه‌ى بێكاریى كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابوردوودا كه‌ پڕۆژه‌ى قه‌رزى بچووك ده‌درا، رێژه‌ى بێكاریى دابه‌زى بۆ نزیكه‌ى 7%، دووه‌م: كۆچى گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات كه‌مده‌كاته‌وه‌ و سه‌رمایه‌ی مرۆیى له‌ده‌ستناده‌ین، ئه‌و كه‌سانه‌ى خۆیان پڕۆژه‌یان هه‌یه‌ ده‌توانن له‌ رێگه‌ى ئه‌م قه‌رزه‌وه‌ په‌ره‌ بده‌ن به‌ پڕۆژه‌ و كاره‌كه‌یان و فراوانى بكه‌ن".

دكتۆر خالید پێیوایه‌"پڕۆژه‌ى بچووك بناغه‌ى ئابورییه‌، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێت پێداویستییه‌كانى ناوخۆ پڕبكرێته‌وه‌، هاوكات كه‌رته‌ ئابورییه‌كان به‌هێز ده‌كات، ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ى بچووكمان هه‌بێت و به‌رهه‌م بخاته‌ بازاڕه‌وه‌ هاورده‌ى كاڵا له‌ده‌ره‌وه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو  دۆلارێكى كه‌متر ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، ئه‌م پاره‌یه‌ له‌برى ئه‌وه‌ى بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌كرێت ئاراسته‌ى وه‌به‌رهێنان بكرێت، بۆیه‌ پڕۆژه‌ى بچووك سوود و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان".

جگه‌ له‌ حكومه‌ت بانك و رێكخراوه‌كان به‌شێك بوون له‌م پڕۆسه‌یه‌، به‌ڵام جیاواز له‌ حكومه‌ت له‌به‌رامبه‌ردا بڕى سوود له‌و كه‌سه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ قه‌رزه‌كه‌ى پێده‌درێت، كاتى دانه‌وه‌یشى كه‌متره‌ له‌و ماوه‌یه‌ى حكومه‌ت دیاریى كردووه‌. 

به‌رپرسى پێدانى قه‌رز له‌ (رێكخراوى ئایینده‌ى گه‌ش بۆ قه‌رزى بچووك)  بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت:"له‌ سلێمانى كار ده‌كه‌ین و لق-مان له‌ هه‌ولێر و دهۆك هه‌یه‌، به‌پێى جۆرى  پڕۆژه‌كه‌ قه‌رز ده‌ده‌ین به‌ گه‌نجان، پڕۆژه‌ى دووكان، ته‌كسى، پاس، ئۆتۆمبێلى بارهه‌ڵگر، خه‌یاتى و هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى تربێت قه‌رزى پێده‌ده‌ین، بڕه‌كه‌یشى له‌ 500 دۆلاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 10هه‌زار دۆلار".

ئه‌و به‌رپرسه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:"ساڵانه‌ زیاتر له‌ 600 كه‌س سوودمه‌ند ده‌بن له‌ وه‌رگرتنى ئه‌م قه‌رزه‌ و پڕۆژه‌ی پێ ئه‌نجامده‌ده‌ن، پێویستیشه‌ له‌ماوه‌ى یه‌ك ساڵدا كه‌سه‌كه‌ قه‌رزه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا مانگانه‌ 1%ى فائیده‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و قه‌رزه‌، ئه‌مه‌یش بۆ خه‌رجیى كارمه‌نده‌ و هه‌روه‌ها بۆ كاروبارى پرۆسه‌كه‌ به‌كارده‌هێنرێت". 

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure