هۆكاری نەچوونی پارێزگاری هەڵەبجە لەگەڵ شاندەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ چین ئاشكرا بوو

هەواڵ / کوردستان :: 19/09/2019‌ :: 947‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
وەفدێكی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی چین دەكات و پارێزگارەكانی كوردستانیش جگە لە پارێزگاری هەڵەبجە ئەندامی وەفدەكەن، بەڵام پارێزگاری هەڵەبجە لەچوارچێوەی ئەو سەردانەدا ناوی نەهاتووە.

 ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند "هاوشێوەی سەرجەم پارێزگارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ئێمەش بانگهێشتنامەی فەرمیمان بەدەست گەیشتووە و ئاگادار كراوینەتەوە كە رۆژی چوار شەممە لەگەڵ شاندەكەی حكومەتی عێراق سەردانی وڵاتی چین بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە پاسپۆرت و پێداویستییەكانی ئەو سەردانەمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كردووە".

ئاماژەی بەوەشكرد، تا رۆژی چوارشەممە پاسپۆرتەكەم بۆ نەگەڕاوەتەوە و ڤیزای لێنەدراوە، بۆیە ئێمە یاوەری ئەو شاندە ناكەین كە سەردانی وڵاتی چین دەكەن بەهۆی ئەوەی وەڵامم بۆ نەهاتووەتەوە و ڤیزا نەدراوە لە پاسپۆرتەكەم.

رۆژی چوارشەممە، عادل عەبدولمەهدی بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای عێراق سەردانی چین بكات و پرسی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە سەرجەم بوارەكاندا، بە تایبەت لە بواری بازرگانی و ئابووری و دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە تاووتوێ بكات.

بەگوێرەی لیستی ئەندامانی وەفدەكە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان جگە لە پارێزگاری هەڵەبجە یاوەری شاندەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن بۆ وڵاتی چین.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure