لە خولی سێیەمى تاقیكردنه‌وه‌كاندا بۆ هەر وانەیەک 25 هەزار دینار وەردەگیرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1455‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

نزیکەی 500 خوێندکاری قۆناغی نۆی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەیی، له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركوك، بەشداریی خولی سێیەمی تاقیکردنەوەکان له‌ عێراق دەکەن، تەنیا ئەو خوێندکارانەش دەتوانن بەشدار بن کە تا سێ وانە کەتوون (ده‌رنه‌چوون).


وەرگرتنی پارە نیگەرانی لێکەوتۆتەوە
لە خولی سێیەمى تاقیكردنه‌وه‌كاندا و بۆ هەر وانەیەک 25 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئه‌مه‌یش نیگه‌رانیى خوێندكارانى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئەیاد فوئاد خوێندکاری پۆلی12ی زانستی لە بەشی کارپێکەری، دەیەوێت بەشداریی خولی سێیەمى تاقیكردنه‌وه‌كان بکات، بەڵام وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە بەلایەوە زۆرە "چونکە دۆخی دارایی خوێندکاران و خانەوادەکانیان خراپە".

ئه‌یاد به‌ دواڕۆژى وت: "بەشێک لە هاوپۆلەکانم هاوشێوەی من بەشداریی خولی سێیەم دەکەن، ناچارن بۆ پەیداکردنی ئەو بڕە پارەیەی لێیان وەردەگیرێت کرێکاریی بكه‌ن".

شێرزاد رەشید بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "پاش ئەوەی کەسوکاری خوێندکاران و خودی خوێندکاران داوایان کرد کە خولی سێیەم هەبێت، ئێمه‌یش نووسراومان بۆ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراق بەرزکردەوە بۆئه‌وه‌ى خولی سێیەمى تاقیكردنه‌وه‌كان بۆ خوێندکارانى قۆناغی نۆی بنەڕەتی و شەشی ئامادەیی هەبێت و دواتر بەهەوڵی نوێنەرانی کورد و لەلایەن حکومەتی عێراقه‌وه‌ بڕیاری لەسەردرا". 

سەبارەت بەوەرگرتنی بڕی 25 هەزار دینار بۆ هەر وانەیەک، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، وتى: "ئەو بڕە پارەیە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوه‌ بڕیاری لەسەر دراوە و هەر خوێندکارێک کە بەشداریی تاقیکردنەوەکانی خولی سێیەم بکات، دەبێت بڕی 25 هەزار لەڕێگەی قوتابخانەکەیەوە بدات، ئەو بڕەپارەش بۆ تێچووی پێداویستیەکانی تاقیکردنەوەى خولی سێیەم خه‌رجدەکرێت".

رێژەی دەرچوون له‌ پۆلە ناکۆتاکانى خوێندنی کوردی 53% بووە
پەروین فاتیح بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری، بە دواڕۆژی راگەیاند: "تەنیا ئەوانەی لە سێ وانە کەوتوون دەتوانن بەشداریی تاقیکردنەوەکانی خولی سێیەم بکەن، دواوادەش بۆ خوێندکاران 23ی ئەم مانگه‌یه‌ تا ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەر وانەیەک دیاریکراوە، لەڕێگەی خوێندنگاکانیانەوە پێشکەشی بکەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن". 

په‌روین ده‌ڵێت: "لە خولی سێیەمدا نزیکەی 500 خوێندکار بەشداریی تاقیكردنه‌وه‌كان دەکه‌ن و لە خولی یەکەمدا رێژەی دەرچوونی پۆلە ناکۆتاکانی نۆی بنەڕەتی و دوانزەی ئامادەیی 53% بووه‌".

لە سیستمی وەزارەتی پەروه‌ردەی عێراق-دا تەنیا دوو خول بۆ تاقیكردنه‌وه‌ى (ئیكماله‌كان) دیاریکراوە و خولی سێیەم بۆ هاوکاریی خوێندکارانە.

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە