ژمارەی کرێنشینان رووی لەزیادبوونە
هەواڵ / ئابوری :: 19/09/2019 :: 379 جار بینراوە
دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو
بەپێی ئامار و رووماڵی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان تادێت ژمارەی کرێنشینان زۆرتر دەبێت، سەرۆکی کۆمەڵەکەش دەڵێت: "رۆژانە زیاد لە 5 خێزان پەیوەندی دەکەن بۆئەوەی ناویان تۆماربکەین".
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ژمارەی ئەو کرێنشینانەی خۆیان تۆمارکردووە نزیکەی 90 هەزار کرێنشینە کە تەنیا لە هەولێر و دەوروبەری 40 هەزار کرێنشنین هەیە.
مەحمود یاسین، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، بەدواڕۆژی راگەیاند: بە بەراورد بە ساڵی رابوردوو ژمارەی کرێنشینان زیادیکردووە و ئەم زیادبوونەش بەردەوامە، بەجۆرێک ساڵی رابوردوو نزیکەی 70 هەزار کرێنشین خۆیان لای ئێمە تۆمارکردبوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە نزیکەی 90 هەزار کرێنشینە و رۆژانەش 5 خانەوادە پەیوەندیمان پێوەدەکەن بۆ خۆتۆمارکردن.
لەبارەی جۆری خانەوادە کرێنشینەکان، مەحمود یاسین دەڵیت: "زۆربەی کرێنشینان کەسانی هەژارن کە نە فەرمانبەر نە مووچەخۆری کەرتی گشتین بەڵکو کاسبکار و خەڵکی کەمدەرامەتن".
بەپێی وتەی وەزیری ئاوەدانکرنەوە و نیشتەجێکردن، لە سێ مانگی داهاتوودا پرۆژەیەکی یەکەی نیشتەجێبوون لە هەولێر تەواودەبێت کە داتایان لەو کۆمەڵەیە وەرگرتووە بۆ ناونووسکردنی کرێنشینان و سوود بینین لە پرۆژەکە.
پ: ن.ر