دەربارەى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران داواكارییه‌ك ئاڕاسته‌ى سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیرى دارایى ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 11332‌ جار بینراوە
سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و سەرۆک کۆمارى عێراق

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: جارێكى دیكه‌ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم به‌رگه‌ى قه‌یرانى دارایى ناگرن و له‌باره‌ى پشكى هه‌رێم لە بودجه‌ى گشتى و سێ یاساى دیكه‌ى عێراق، داوایه‌ك ئاڕاسته‌ى سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیرى دارایى عێراق ده‌كات.


(ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18ى ئه‌یلولى 2019) به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق و فوئاد حوسێن، وه‌زیرى دارایى و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ كاروبارى دارایى سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌.

به‌پێى راگه‌یاندراوێكى په‌رله‌مانى كوردستان، رێواز فایەق، سه‌رۆكى په‌رله‌مان داواى له‌ سه‌رۆك كۆمار كردووه‌، رۆڵێكی كاریگه‌ر بگێڕن له‌ پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و هاوكات به‌رگری له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020 بكه‌ن و رۆڵی سه‌ره‌كی ببینن له‌ نزیككردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵى نه‌هێشتى پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كانیش له‌ په‌سه‌ندكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و یاسای كارگێڕیی دارایی و ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای خزمه‌تی شارستانی بده‌ن.

حكومه‌تى هه‌رێم كێشه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ردوو (یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و یاسای كارگێڕیی دارایی) و ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای خزمه‌تی شارستانی هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك دواى په‌سه‌ندكردنى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق په‌رله‌مانى كوردستان یاساكه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ى رابوردوو له‌ دادگاى فیدراڵى سكاڵاى له‌سه‌ر تۆماركرد.

په‌رله‌مانى كوردستان پێیوایه‌ "حكومه‌تى عێراق ره‌چاوى پێكهاته‌كانى نه‌كردووه‌ و تائێستا ئاواره‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانیان، به‌مه‌ش ناتوانن له‌ ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌كانیان ده‌نگ بده‌ن، بۆیه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى كورد هه‌یه‌"، هه‌روه‌ها به‌هۆى ئه‌وه‌ى یاساى كارگێڕى دارایى عێراق هه‌رێم ناچار ده‌كات پێش په‌سه‌ند كردنى بودجه‌ى ساڵانه‌ى خۆى، بودجه‌كه‌ بۆ به‌غدا بنێرێت، بۆیه‌ په‌رله‌مان جێبه‌جێكردنى ئه‌و یاسایه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌نیازه‌ له‌ دادگاى فیدراڵى سكاڵا تۆمار بكات.

هاوكات په‌رله‌مانى كوردستان "ره‌خنه‌"ى له‌ ره‌شنووسى پڕۆژه‌یاسای خزمه‌تی شارستانی هه‌یه‌ و داوا ده‌كات گۆڕانكارى تێدا بكرێت.

پێشتر شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاندبوو "به‌پێى ره‌شنووسه‌كه‌ مووچه‌ى سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانیشەوە رێكده‌خرێته‌وه‌ و جیاوازى له‌ مووچه‌ى پله‌ نزمه‌كان ده‌كرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ده‌ستكاریكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران په‌له‌ نه‌كات.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواى له‌ وه‌زیرى دارایى عێراق كردووه‌، هەماهه‌نگی زیاتری هه‌رێم و نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستان بێت له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2020، كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت ماف و به‌ركه‌وته‌كانی هه‌رێم له‌و یاسایه‌دا پارێزراو و جێگیركراو بن.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە