"'گه‌شه‌ی دانیشتووانی هه‌رێم له‌ 2.8%ه‌وه‌ بۆ 2.4% داده‌به‌زێت"

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت: گه‌شه‌ی دانیشتووانی هه‌رێم به‌ به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌ 2.8%ه‌وه‌ بۆ 2.4% دابه‌زیووه‌، پێشبینیش ده‌كرێت بۆ ساڵی داهاتوو بگاته‌ خوار ئه‌و رێژه‌یه‌.

هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای به‌داوادچوونێك بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ کۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پیر ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی خێزانی كوردی رێگه‌نادات ژماره‌ی منداڵه‌كانی زۆربێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر ژنێكی كورد رێگه‌نه‌دات له‌ پێنج منداڵ كه‌متری هه‌بێت.

وتیشی: "كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی كورد له‌ 10 ساڵی رابردوو زۆر كه‌مبووه‌، به‌شێوه‌یه‌ک گەشەی دانیشتووانی هەرێم لە 2.8%ه‌وه‌ بۆ 2.4% دابه‌زیووه‌ و پێشبینده‌كرێت ساڵی داهاتوو رێژه‌كه‌ بۆ   2.2% دابه‌زێت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی زیاتری رێژه‌ی كورد له‌ عێراق هه‌یه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هه‌رێم، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: جگه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێم دروستبووه‌، هاوكات حكومه‌تی عێراق 2.9% دانیشتوانی هەرێم هەژمارناكات ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كه‌ی قورستر كردووه‌.

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم، ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێم به‌بێ بوونی ئاواره‌و په‌نابه‌ر، پێنج ملیۆن و ٤۹٠ هەزار كه‌سه‌ كه‌ ٥٠.٥% له‌ رەگەزی نێر و ٤٩.٥% لە رەگەزی مێن، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و ٥٠ هەزاریان لە پارێزگای هەولێرن، هەروەها سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە دوو ملیۆن و ٧٠ هەزار کەس لەخۆدەگرن، لە دهۆک ملیۆنێک و ٣٧٠ هەزار کەسه‌.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure